٣٠٪ـی کارەبای زانکۆی دهۆک لە تیشکی خۆر دابیندەکرێت

میدیازان – عەمار عەزیز – دهۆک

زانکۆی دهۆک دەیەوێت لە رێگەی بەرهەمهێنانی دوو مێگا وات کارەبا بە رێگای تیشکی خۆر، پشت لە کارەبای نیشتمانی بکات.

لە رێگەی دانانی سێ هەزارو ٧٨٤ـی تابلۆی بەرهەمهێنانی کارەبای وزەی خۆر، زانکۆی دهۆک دەیەوێت دوو مێگا وات کارەبا بۆ بەشی زورینەی کولیژ و بەشەکانی زانکۆیەکە دابین بکات.

” سێ هەزارو ٧٨٤ـی تابلۆی بەرهەمهێنانی کارەبای وزەی خۆر”

شاکر مەحمود، بەڕێوبەری گشتی کارەبای پارێزگای دهۆک بە میدیازانی راگەیاند، پڕۆژەکە ٩٥٪ـی کارەکانی تەواو بووە، لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆتایی دێت.

زیاتر روونی کردەوە کە پڕۆژەکە ملیۆنێک و ٩٧٢ هەزارو ٩٨٨ دۆلاری تێچووە، ٣٦٥ رۆژی بۆ دانرا بوو، رووبەرەکەشی ٢٠ هەزار مەتر چوارگۆشەیە.

“پڕۆژەکە ملیۆنێک و ٩٧٢ هەزارو ٩٨٨ دۆلاری تێچووە،”

دکتور لوقمان هادی، جێگری سەرۆکی زانکۆی دهۆک بۆکاروباری زانستی و خوێندنی باڵا بە میدیازانی وت، پرۆژەکە کارگێری پارێزگای دهۆک و زانکۆی دهۆک سەرپەرشتی دەکەن، رێکخراویUNDP بودجەکەی دابین کردوو.

زیاتر وتی “بە تەواوبوونی پرۆژەکە دەتوانێ ٣٠٪ـی کارەبا بۆ کولیژەکانی زانکۆی دهۆک دابین بکات”.

زانکۆی دهۆک، ٢٣ هەزار خوێندکاری هەیەو، لە ١٩ کۆلیژ پێکهاتووە.