سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

“ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی رەتدەکەینەوە”

ژووری هەواڵ

لە دوای بڕیارەکانی وتەبێژی فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی عێراق سەبارەت بە نەوت و سنوورەکانی هەرێمی کوردستان سەرۆکی هەرێم پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی رەتدەکەینەوە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، بە سەرسوڕمان و نیگەرانییەکی قوڵەکەوە ئەو هەواڵانەمان بیست و بەتایبەت کە هێشتا گفتوگۆکان لە نێوان هەرێم و بەغدا بەردەوامە.

ئەمە دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکی هەرێمە وەک خۆی:

بە سەرسووڕمان و نیگەرانییەکی قووڵەوە ڕاگەیەندراوەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقمان بيست، بەتایبەتی لە کاتێکدا کە گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵدا بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بەردەوامە.
ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئاخاوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە زمانێکی سەربازی ڕەت دەکەینەوە. ئه‌زموون سەلماندوویەتی کە ئەم شێوازه‌ هیچ کێشەیەک چارەسەر ناکات و لە بەرژەوەندیی عێراق و هیچ لایەنێکدا نییە.
هەرێمی کوردستان وەک هاوبەشێکی سەرەکی لە بنیاتنانی عێراقی نوێ و داڕشتنی دەستوورەکەیدا، وێڕاى پشتیوانی له‌ پاراستنی سامانە نیشتمانییەکان و جێبەجێکردنی یاسا، جەخت دەکاتەوە کە پەیوەندیی هەولێر ـ بەغدا و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور، ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و مافەکانی هەرێمی کوردستان و پابەندبوون بە بنەماکانی هاوبەشی و لێكگه‌يشتن بێت.
لەم قۆناغە هەستیارەدا، جەخت لە گرنگیی ته‌بايى و یەکڕیزیی کوردستانی دەکەینەوە و داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق دەکەین بە دانایی و بەرپرسیاریەتیی نیشتمانییەوە مامەڵە بکەن. هێز و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، هێز و سەقامگیریی عێراقە و ڕێزگرتن لە دەستوور و فيدراڵى، گەرەنتیی داهاتووی هاوبەشمانە.