بە نامەیەکی کراوە

داوای جێبەجێکردنی مووچەی چاودێری بۆ منداڵانی شەکرە لە هەرێم کرا

ئەحمەد مستەفا

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان، بە نامەیەکی کراوە داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە بڕیاری مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری یەکەم لە هەرێمی کوردستانیش جێبەجێ بکرێت.

وەزیر لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای بڕیاری حکومەتی فیدراڵ بۆ پێدانی ئەم مووچەیە بە منداڵانی تووشبوو تا تەمەنی 22 ساڵی، خانەوادەکانی هەرێم لە هەمان ماف بەشدارنین.

ئەو داوای لە بەغدا کردووە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکرێت و فەرمانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە دەربکرێت، بە مەبەستی کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی خانەوادەکان و پاراستنی مافی ئەو منداڵانە.

کوێستان محەمەد جەختی کردووەتەوە کە پشتیوانیی ئەم منداڵانە تەنها یارمەتییەکی دارایی نییە، بەڵکو پاراستنی تەندروستی و داهاتوویانە.

دەقی نامەکە وەکخۆی:

وەزیرى کارو کارو بارى کۆمەڵایەتى هەرێمى کوردستان
نامەیەکی کراوە ئاراستەى سەرۆک وەزیرانی عێراقى فیدراڵ دەکات
بەڕێز سەرۆک وەزیرانى عێراقى فیدراڵ…
بەپێی ئەو بڕیارەی لەلایەن حکومەتی فیدراڵی عێراقەوە دەرکراوە، کەسانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری یەکەم تا تەمەنی ٢٢ ساڵی مافی وەرگرتنی مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتییان پێدراوە، ئەم هەنگاوە بێگومان بڕیارێکی مرۆیی و گرنگە لە پشتیوانیکردنی ئەو منداڵانە و خانەوادەکانیان، بەڵام جێی نیگەرانیە کە خانەوادەکانی هەرێمی کوردستان کە منداڵەکانیان تووشی ئەم نەخۆشییە بوون لە چوارچێوەی ئەم بڕیارەدا بە هەمان شێوە سوودمەند نەبن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم هیچ سنوورێکی جوگرافی و ئیداری ناناسێت و ئازاری نەخۆشی و پێداویستییەکانی چارەسەرکردن بۆ هەموو منداڵێک یەکسانە.
ئەو خانەوادانەی لە هەرێمی کوردستان منداڵیان تووشی شەکرەی جۆری یەکەم بووە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی بارگرانیەکی دارایی و ژیانێکى قورس دەبنەوە، ئەم منداڵانە پێویستیان بە چاودێری بەردەوامی پزیشکی و دەرزی و ئامێری پێوانەکردنی ئاستی شەکرە و پێداویستیە پزیشکیەکان و خواردنی تایبەت هەیە.
ئەم پێداویستیانە تەنها بۆ ماوەیەکی کورت نین، بەڵکو بەشێکی هەمیشەیی لە ژیانی ئەم منداڵانەن، زۆرێک لە خانەوادەکان بۆ دابینکردنی ئەم خەرجییانە بارێکی قورس دەخاتە سەر داهاتی مانگانەیان، بە تایبەتی ئەو خێزانانەی داهاتیان سنووردارە و ناتوانن بەردەوام خەرجیەکانی چارەسەر و چاودێری منداڵەکانیان دابین بکەن.
بۆیە، ئەم داواکارییە تەنها داواکارییەکی دارایی نییە، بەڵکو داواکاریەکە بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی، پاراستنی مافی منداڵان و یەکسانی هاووڵاتیانی عێراق، بەبێ جیاوازیی شوێنی نیشتەجێبوون و سنووری ئیداری.
بۆیە داوا لە بەڕێزتان دەکەین:
١. فەرمانی پێویست بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری مووچەی چاودێری کۆمەڵایەتی بۆ منداڵانی تووشبوو بە شەکرەی جۆری یەکەم لە هەرێمی کوردستانیش دەربکەن.
٢. هاوکاری و هەماهەنگی پێویست لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکرێت، بۆ ئەوەی ئەم منداڵانە و خانەوادەکانیان لە هەمان ماف و سوودمەندیە کۆمەڵایەتیەکان بەهرەمەند بن.
ئومێدمان وایە بەڕێزتان ئەم داواکاریە بە چاوی بەرپرسیاریەتی مرۆیی و نیشتمانیەوە سەیر بکەن و فەرمانی پێویست بۆ ئەمە دەربکەن، چونکە پشتگیری ئەم منداڵانە تەنها یارمەتیەکی دارایی نییە، بەڵکو پشتیوانیەکە لە ژیان و تەندروستی و داهاتوویان.
لەگەڵ رێزدا…
کوێستان محمد عبدالله
وەزیرى کارو کاروبارى کۆمەڵایەتى
23.11.2026