دۆخەکە بەرەو کوێ؟

هەر بەڕاست کەی تێدەگەن؟

964+

ژووری هەواڵ

دەگێڕنەوە رۆژێک پیاوێک لەماڵ دێتە دەرو دەیەوێت دەست بە ئیشیێکی تازە بکات، لە دڵی خۆی دەڵێت خوایە ئەگەر ئەم کارە خێری تیا نییە رەحم بەم بەندەیەی خۆت بکەیت و ئاماژەیەکم بدەیتێ.
دەچێتە بەر دەرگا دەبینێ تایەی سەیارەکەی پەنچەرە، خۆی خەریک دەکات و تایە سپێرەکەی دەردەهێنێت و دەیگۆڕێ، هەندێ لەماڵ دوور دەکەوێتەوە دەکەوێتە قەرەباڵغییەکی زۆر و رێگاکە دەرناچێت، بۆیە سەیارەکەی رادەگرێت و دەڵێ بە تەکسی دەڕۆم، دەست لە تەکسی رادەگرێ سەیر ئەکات پارەی لە ماڵەوە بیرچووە، دەڵێ وەڵا ئەم ئیشە خێری تیایە و شەیتان دەیەوێت ساردم بکاتەوە، ئەیەوێت تەلەفۆن بۆ رەفیقێکی بکات بێت بە شوێنیدا مۆبایل دەردەهێنێ و لە دەستی دەکەوێتە خوارەوەو مۆبایل دەشکێ، هەر کۆڵ ناداو ملی رێ دەگرێ، جا چیرۆکەکە دوورو درێژەو لە رێگا تووشی بەزمی زۆر دەبێ.
سەرتان نەئێشێنم دوایی کە ئیشەکە ئەکات و تووشی زەرەرێکی زۆر ئەبێ، دەڵێ باشە خۆ من دوعام کرد ئەگەر خێری تیا نییە ئاماژەکان ببینم. دیارە ئەو هەموو شتە بە ئاماژە تێ نەگەیشتبوو.
جا بە ئەمە ببەستمەوە بە چیرۆکێکی ترەوە
مانگی ئایاری 2021 واتە چوار ساڵ پێش ئێستا، جێنین بلاسخارت کە ئەو کاتە نێردەری نەتەوەیەکگرتووەکان بوو بۆ عێراق، لە کاتی رۆیشتنەوەی بە هەموو سەرکردە کوردەکانی وت: دۆستی باش ئەوەیە دەتانگرێنێت، من پێتان دەڵێم ئەم قەوارەیەتان تا سەر نییە، یەکگرتوو نەبن هەموو شتتان لە دەست دەچێت. ئەمە ئاماژەی یەکەم.
ساڵی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا، دوای دوو ساڵ و قسوور حکومەتمان بۆ پێک نەهات، لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا زۆر ئاماژەمان بینی.
لە کۆتاییەکانی ساڵی 2024 و سەرەتای ساڵی 2025 بە ڕێکەوتنێکی نێودەوڵەتی قەوارە خۆسەرییەکەی رۆژئاوای کوردستان هەڵوەشێندرایەوەو کورد ناچارکرا خۆی تێکەڵی رژێمەکەی شەرع بکاتەوە، ئەمە ئاماژەی دووەم ئێمە تێنەگەیشتن.
لە باکووری کوردستان چەک بە پەکەکە داندراو هەموو دنیا وتیان ئەم ماوەیە “با” لە بەرژەوەندی کورد هەڵی نەکردووە، هەر تێنەگەیشتین.
لە شەڕی چل رۆژەکەی ئەمەریکاو ئێران ئەم هەرێمەی خۆمان بووبووە مەیدانی تەراتێنی درۆن و موشەک و لێدان و کەس لەسەری هەڵنەداین، ئەم ئاماژەیەش هەر تێنەگەیشین.
ئەمڕۆ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی عێراق چەند بڕیارێکی لەبارەی هەرێمەوە دەرکرد کە ئەمانەن:
– دەبێت هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە بێت.
– وەرگرتنەوەی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانەوە.
– راسپاردنی وەزارەتی نەوت بۆ بەڕێوەبردنی سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانەی سەر بە وەزارەتن و دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی (دیالە – کەرکوک – سەڵاحەددین – نەینەوا)ـەوە کە لە رووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی عێراقدان.
– سەرجەم رێگا خۆڵەکان لە نێوان پارێزگاکانی (دیالە – سەڵاحەدین – کەرکوک – نەینەوا) و هەرێمی کوردستانی عێراق دابخەن.
ئەمەش ئاماژەیەکی تر کە پێناچێت هەر تێی گەیشتبین.
ئەرێ بەراست جەماعەت، پێتان وانییە ئێمەش وەک کابراکەمان لێهاتووە کە لەسەرەتای ئەم چیرۆکە بۆم گێڕانەوە؟
ئەبێ چیتر ببینین بۆ ئەوەی بزانین هەرێمی کوردستان مەترسی لەسەرە؟