د. بنار ئەتروشی: دەموچاوی سروشتی بووەتە عەیبە و ئالوودەی جوانکاری بوون

ژووری هەواڵ

د. بنار ئەتروشی، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، لە بەرنامەی دودوکتۆر تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییەکانی کولتووری جوانکاری و گرفتە باوەکانی پێست، ئاماژەی بەوە کرد کە دەموچاوی سروشتی نەماوە و بووەتە عەیبە و جوانکاری گەیشتووەتە ئاستی ئالوودەبوون، بە جۆرێک لە هەندێک حاڵەتدا ئەنجام نەدانی جوانکاری تاوانە و عەیبەیە.

ئەو پسپۆڕە باسی لە دیاردەی نوێی ناو بازاڕی جوانکاری کرد و وتی “جوانکاری دیلیڤەری پەیدابووە”، هاوکات جەختی کردەوە لەسەر پابەندبوون بە رێنماییە پزیشکییەکان و راشیگەیاند “ئەوەی پێویستی بە جوانکاری نەبێت بۆی ناکەم”.

لەبارەی زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی پێستیشەوە هۆشداریدا و ئاماژەی بە نموونەیەک کرد کە کچێک 14 ساڵە و 8 پڕۆدەکت و سیرۆمی پێستی هەیە و لەڕووی زانستییەوە ئەمە تەندروست نییە

د. بنار ئەتروشی چەند رێنماییەکی رۆژانەی خستەڕوو و رایگەیاند:

ئاوی زۆر گەرم بۆ پێست باش نییە و بۆ خاوێنبوونەوە پێویستمان بە لفکە نییە.
سابونی حەلەبی بۆ پێستی وشک و هەستیار باش نییە
لە کاتی هەوریش دژەخۆر بەکاربهێنن، چونکە بەکارنەهێنانی دژەخۆر یەکێکە لە خووە خراپەکان
هیچ کام لە بەرهەمەکانی سۆشیال میدیا بۆ پێست بەکارمەهێنن
خواردنەوە وزەبەخشەکان بۆ پێست خراپە

لە کۆتاییشدا سەبارەت بە دۆخی نەخۆشییەکانی پێست لە ناوچەکە، ئاماژەی بەوە کرد کە “گرفتی زیپکە و نەخۆشی گەڕبوون و کەڕووی پێست لە کوردستان باوە و وتیشی ئێکزیما تا ئێستا زانست چارەسەری یەکجاری بۆ نەکردووە.