پەکیان کەوتووە

ئامبوڵانسەکانی نەخۆشخانەی شەهید شەوکەتى حاجى موشیر بەنزینیان تێدا نەماوە

بڕوا مەجید- سەیدسادق

ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەتی حاجی مووشیر لە سەیدسادق بەهۆی تەواوبوونی بەنزینەوە راگیراون، تەندروستیی سلێمانیش رایگەیاندووە ناتوانێت هیچ بڕە بەنزینێکیان بۆ دابین بکات.

بەنزینی مانگی پێشووی ئۆتۆمبێلەکانی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکە بە تەواوی کۆتایی هاتووە، لەو چوارچێوەیەشدا لیژنەی سووتەمەنیی نەخۆشخانە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانییان کردووە، بەڵام پێیان راگەیەندراوە کە ناتوانن هیچ بڕە بەنزینێکیان بۆ دابین بکەن.

دکتۆر سەفین حەمەڕەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە بە 964ـی وت: “بۆ ئەوەی ژیانی هاووڵاتییان نەکەوێتە مەترسییەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ قایمقامی سەیدسادق بڕی 60 لیتر بەنزین بۆ ئەمشەو و بەیانی دابینکراوە”.

ئەو بڕە بەنزینەی دابینکراوە بۆ یەک ئامبوڵانسە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەش هۆشداریدا لەوەی ئەگەر کێشەکە چارەسەر نەکرێت و دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، تەواوی ئامبوڵانسەکان لە کار دەوەستن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح