وێنەى مامز، ئاڵاى کوردستان و پێشمەرگە
رێگای مامزاوە سەوز دەکرێت و ژێر پردی 120 مەتریش دەبێتە پانتایی سەوزایی
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێکی سەوزکردن و جوانکردنی لە شەقامی مەخموور – رێگای مامزاوە دەستپێکردووە، کە وەک یەکێک لە دەروازە سەرەکییەکانی شار رۆژانە هاتووچۆیەکی زۆری هاووڵاتییانی لەسەرە، بەتایبەت دانیشتووانی سنووری قەراج و کەندێناوە.
تیمەکانی شارەوانی لەسەر رووبەرێکی فراوانی رێگاکە سەرقاڵی چاندنی نەمامی نوێ و رێکخستنەوەی سەوزاییە کۆنەکانن، بەشێکی گرنگی پڕۆژەکەش گۆڕینی چواردەور و ژێر پردی شەقامی 120 مەترییە بۆ پانتاییەکی گەورەی سەوزایی.
هاوشانی کارەکانی شارەوانی، خۆبەخشانی رێکخراوی “مایپڵ تری” دیوارەکانی ناوچەکەیان بە کاری هونەری رازاندووەتەوە و وێنەی پێشمەرگە، ئاڵای کوردستان، دیمەنی چیای قەرەچووغ و دروشمی نیشتمانی و وێنەى مامزیان لەسەر نەخشاندووە.