دیمەنی داکردنی گەنم لەسەر شەقامە گشتییەکان لەلایەن جوتیارانی قەزای شارەزوورەوە لە ساڵی رابردوودا _ وێنە: سەرۆکایەتی شارەوانی قەزای شارەزوور
ئەم هەفتەیە دابەش دەکرێت
زیاتر لە 85 ملیار دیناری جوتیارانی کەرکوک گەیشت
کاروان ساڵحی – کەرکوک
دوێنێ پێنجشەممە، دووەم گوژمەی شایستە داراییەکانی جوتیارانی کەرکوک بە بڕی 85 ملیار و 381 ملیۆن دینار گەیشتە پارێزگاکە و بڕیارە ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی بکرێت.
عەبدوڵا میروەیس، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە 964ـی راگەیاند، ئەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی پارەکە دەکرێت و خەرجکردنەکەش بەپێی پێشینەی زنجیرە (تسلسل) دەبێت، بە جۆرێک جوتیارانی خاوەن زنجیرەکانی 301 تاوەکو 1595 دەگرێتەوە، کە ژمارەیان زیاتر لە 1290 جوتیارە.
سەبارەت بە پشکی سایلۆکانیش، عەبدوڵا میروەیس وتی، بڕی پارە تەرخانکراوەکە بەم شێوەیە بەسەر سایلۆکانی سنووری کەرکوکدا دابەشکراوە:
سایلۆی کەرکوک: 35 ملیار و 162 ملیۆن دینار
سایلۆی حەویجە: 18 ملیار و 757 ملیۆن دینار
سایلۆی ریاز: نزیکەی 18 ملیار دینار
سایلۆی تازە: 13 ملیار و 464 ملیۆن دینار
لەبارەی میکانیزمی وەرگرتنی پارەکەوە، سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ روونیکردەوە، ئەو جوتیارانەی بڕی 50 تۆن گەنم یان کەمتریان رادەست کردووە، تەواوی شایستە داراییەکانیان بە یەک گوژمە وەردەگرن، بەڵام ئەوانەی زیاتر لە 50 تۆن گەنمیان رادەست کردووە، پارەکەیان بە دوو یان سێ گوژمە بۆ خەرج دەکرێت.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر