عەلی زەیدی:

لە جورف سەخرەوە دەست بە پڕۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو عێراقدا دەکەین

964+

کاکەلاو عەبدوڵا

عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەدوای کۆنتڕۆڵکردنی جورف سەخر پەیامێکی بڵاوکردەوە  و رایگەیاند، نابێت هیچ چەک و سوپایەک لە دەرەوەی دەوڵەوت بوونی هەبێت و لە جورف سەخرەوە دەست بە پڕۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو عێراقدا دەکەن.

عەلی زەیدی لە ژووری ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە سەرپەرشتی و چاودێریی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی جورف سەخری کرد و پەیامێکی بۆ ئەو هێزانە نارد کە لە ناوچەکەدان.

سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی هێزە چەکدارەکان لە پەیامەکەیدا وتی، “ئێمە لە جەنگدا نین، ئەوانەی لەوێن براتان و لەنێوماندا هیچ دوژمنێک نییە، لەکۆتاییدا هەمووان دەچنە ناو هێزە چەکدارەکان، نابێت هیچ سوپایەک لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بوونی هەبێت چەکدارەکان لەژێر یەک ئاڵا، یەک فەرماندەیی و یەک یاسادا دەبن و نابێت هیچ چەکێک جگە لە چەکی عێراق هەبێت.”

“ئێوە سەلماندتان کاتێک عێراق یەکگرتوو بێت هیچ شتێک ناتوانێت لەبەرامبەریدا بوەستێت، لە جورف سەخرەوە دەست بە پڕۆسەی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو عێراقدا دەکەین بۆ ئەوەی رووبەڕووی هەموو گەندەڵی و خراپەکارییەک ببینەوە و کۆنتڕۆڵی چەکی دەرەوەی دەوڵەت بکەین، ئەوەی ئەمڕۆ روویدا نیشانەی سەرەتای عێراقێکی بەهێز، یەکگرتوو و دادپەروەر،” عەلی زەیدی وای وت.

ماوەی 12 ساڵە جورف سەخر بەدەست کەتائیبی حزبوڵاوەیە و رێگەیان نەدەدا بە سوپا و هێزە ئەمنییەکان بێنە ناو شارەکەوە، بەڵام ئەمڕۆ پەپێی رێککەوتنی حکومەتی عێراق و دەستەی حەشدی شەعبی هێزە ئەمنییەکان چوونە ناو ناوچەکە.

جورف سەخر وەک قەڵایەکی بەهێزی کەتائیبی حزبوڵایە و چەندین کارگەی دروستکردنی چەک، مووشەک، هاوەن، درۆن و چەندین چەکی دیکەی تێدایە

بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی رۆیتەرز، لە ساڵی 2021ـەوە کەتائیبی حزبوڵا بۆرییەکی نەوتی کون کردووە و رۆژانە 200 هەزار بەرمیل نەوتی لێبردووە.