لە باکووری موسڵ

گریانى خۆى فریاى کەوت؛ منداڵێکی ساوا بە فڕێدراوی لە ناو جۆگەیەکی ئاودا دۆزرایەوە

964+
سیروان حورشید – خورماتوو

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، لە گوندی تلیارەی باکووری شاری موسڵ، منداڵێکی ساوا لە ناو جۆگەیەکی ئاودا بە فڕێدراوی دۆزرایەوە و دوای گەیاندنی بە نەخۆشخانە، ئێستا باری تەندروستیی جێگیرە.

وەلید نورەدین، ئێشکگر لە نەخۆشخانەی گشتیی موسڵ بە 964ـی وت: “منداڵەکە لە رەگەزی مێیە و تەمەنی لە نێوان شەش بۆ نۆ مانگیدایە، لە ئێستادا لە ژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە و باری تەندروستیی جێگیرە”.

وەلید نورەدین وتیشی، ئێوارەی ئەمڕۆ هاووڵاتییانی ناوچەکە لە کاتی تێپەڕینیاندا بەو شوێنەدا گوێیان لە دەنگی گریانی منداڵەکە بووە و دەستبەجێ پۆلیسیان لێ ئاگادار کردووەتەوە، دوای گەیشتنی هێزە ئەمنییەکانیش، منداڵەکە گەیەندراوەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە.

ئاماژەی بەوەشکرد، پۆلیسی ناوچەکە پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە کردووەتەوە تاوەکو ناسنامەی منداڵەکە و ئەو کەسانەی فڕێیان داوە بدۆزرێنەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاخ