پۆلیسی وزە بۆریی نەوت دەپارێزێت
دۆسیەی ئەمنیی جورف سەخر رێکدەخرێتەوە
ژێوار خدر
ئەمڕۆ هەینی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق رایانگەیاند، پۆلیسی وزە دەستیکردووە بە سەرپەرشتیکردنی بۆریی نەوت لە ناوچەی جورف سەخری پارێزگای بابل، هاوکات ئامادەکارییەکان بۆ سەرلەنوێ بڵاوەپێکردنەوەی هێزە عێراقییەکان لە ناوچەکەدا تەواو بوون، لە چوارچێوەی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییەکان و حەشدی شەعبی.
بەپێی بڕیارەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیران، بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکان لە جورف سەخر دابەش دەکرێنەوە و بارەگایەکی فەرماندەیی بە سەرکردایەتی پۆلیسی فیدراڵی پێکدەهێنرێت کە یەکەکانی سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و پۆلیسی وزە لەخۆدەگرێت. بە جۆرێک سوپا، پۆلیسی فیدراڵی و حەشدی شەعبی بەرپرسیارێتی کەرتە دیاریکراوەکان لە ئەستۆ دەگرن، پۆلیسی وزەش بۆریی نەوت دەپارێزێت، لەگەڵ رێکخستنەکانی دووبارە کردنەوەی رێگا سەرەکییەکان بەڕووی هاتوچۆدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەدا، هێزە ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە، کە حکومەتی عێراق بەنیازە چەند پرۆژەیەک لە جورف سەخر جێبەجێ بکات، بێ ئەوەی وردەکاری لەبارەی سروشتی پرۆژەکان و کاتی جێبەجێکردنیانەوە بخاتەڕوو. ئەم پێشهاتانەش لە کاتێکدایە حکومەت هەوڵی رێکخستنەوەی دۆخی ئەمنی دەدات لە ناوچەیەکدا کە ساڵانێکە یەکێکە لە دۆسیە ئەمنیانەی مشتومڕێکی زۆرە لە عێراق.