لە کۆبوونەوە ئەمنی وای وت

عەلی زەیدی: هیچ جیاوازییەک لە نێوان پێشمەرگە و سوپا و حەشدی شەعبیدا نییە

ئەحمەد مستەفا

عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارشەممە 18.11.2026 لیژنەی باڵای چاکسازی کەرتی ئەمنی وتی، هێزە چەکدار و ئەمنییەکانی عێراق یەکگرتوون.

زەیدی رایگەیاند، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەندامانی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، حەشدی شەعبی و پێشمەرگەدا نییە و هەموویان یەک هێزن کە لە کاتی روبەڕووبوونەوەی هەر دوژمنێکدا لە یەک خەندەق دەوەستن.

ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەرکی سەرەکی سەرکردە ئەمنی و سەربازییەکان پاراستنی هاوڵاتیانی عێراقە و ئایدیۆلۆژیای هاوبەشیان دەبێت پاراستنی عێراق بێت.

هەروەها ئاماژەی بە گرنگی ئاسایش کرد و وتی ئاسایش بنەمای دروستبوونی دەوڵەت و هۆکاری سەرەکی سەقامگیری ئابووری و کۆمەڵایەتییە، زەیدی داوای لە دامەزراوەی سەربازی کرد هەوڵ بۆ دروستکردن و بەهێزکردنی ناسنامەی نیشتمانی بدەن.