دەڵێن دەبێت پارەی دوو کارەبا بدەن

پارەی کارەبا دانیشتووانی هیوا سیتی هێناوەتە دەرەوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

دانیشتووانی هیوا سیتی لە هەولێر، بەهۆی دەرکردنی بڕیارێک بۆ بە مەترکردنی وەرگرتنی کارەبا گردبوونەوە و دەڵێن، گرانی نرخی کارەبا وای کردووە بەم شەوە و سەرمایە بێنە دەرەوە.

دانیشتووانەکەی، لەسەر شەقامی هەولێر ـ کۆیە کۆبوونەوە و داوایان لە پارێزگاری هەولێر و حکومەت کرد نرخەکانی کارەبا کەم بکەنەوە و رێکخستنیان بۆ بکەن.

نیگەرانی ئەوان زیاتر لەدوای ئەوە دروست بووە، ئەمڕۆ وا بڵاوکراوەتەوە جگە لە پارەی کارەبای پڕۆژی رووناکی، بە گۆترە پارەی کارەبا بۆ شوقە و خانوو لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێ.

هەرێم حوسێن، ئەندامی ئەنجومەنی دانیشتووانی هیوا سیتی، بە 964ی وت، تەنیا لە زۆنێکدا 500 ماڵ تووشی ئەم کێشەیە بوونەتەوە.

بە وتەی ئەو، هەر 8 رۆژ جارێک 100 هەزار دینار بۆ کارەبای مۆلیدە دەدەن، لەگەڵ ئەوەی بەپێی نرخی حکومەت، بۆ ڤێلایەکی 200 مەتر دووجا لە پرۆژەکاندا 39 هەزار دینار، دیاری کراوە.

لە بەرامبەردا، دارا عەبدوڵا، یەکێکی دیکە لە دانیشتووانی سیتییەکە دەڵێ، نزیکەی 1,500 ماڵ لە هیوا ستی کێشەی کارەبایان هەیە و داوایان ئەوەیە حکومەت خۆی نرخی کارەبا دیاری بکات، نەک خاوەنی پرۆژەکە.

دانیشتووانە و ئەوانەی قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە دەڵێن، داواکارییان دژی پارەدان نییە، بەڵکو داوایان دیاریکردنی نرخێکی گونجاو و دادپەروەرانەیە.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا