"هەموو قۆناغەکانی شوانیم بڕیوە"
تەمەنێکە پێکەوە شوانن و مەڕوماڵاتەکانیان دەبەنە دەشتی شارەزوور
بڕوا مەجید – شارەزوور
دوو شوانکاری دەشتی شارەزوور دەردەڵی خۆیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، شوانیش وەک هەموو ئیشێکی تر خۆشی و ناخۆشی خۆی هەیە.
مام ئەحمەد و سەلام عەلی تەمەنێکە پێکەوە هەموو بەیانییەک مەڕوماڵاتەکەیان دەبەنە دەشتە کاکی بەکاکییەکی شارەزوور و ئێوارە شەکەت و ماندوو بەرەوە ماڵ دەڕۆنەوە.
مام ئەحمەدی قسەخۆش عادەتی وایە، چایەکەی لە جامێکی فافۆندا دەخواتەوە، ئەو دەڵێت، “لە جامدا بەلەزەتترە و زوو سارد دەبێتەوە، شوانیش داماوە و نارەحەتی زۆرە، تەنیا خۆشییەکی ئەوەیە کە کەس ئەمرت بەسەردا ناکا، بە ئارەزووی خۆت هەرچیت ویست دەیفرۆشی و حەزیشت لێ بوو دەیخۆی”.
سەلام عەلی کە گەنجترە لە مام ئەحمەد، دەڵێت، “لە 10 ساڵییەوە شوانم، ئیجازەی عمومیم لە شوانیدا هەیە و هەموو قۆناغەکانیم بڕیوە”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری