"رۆژانە 5 دەقە کارەبامان هەیە"
دانیشتووانی گەڕەکی بێرکۆتی نوێ لە بێ کارەباییدا لە ماڵەکانیان هاتوونەتەدەر
رێباز یونس – هەولێر
دانیشتووانی گەڕەکی بێرکۆتی نوێ لە هەولێر لە بێ کارەباییدا لە ماڵەکانیان هاتوونەتەدەر و دەڵێن، 10 رۆژە وەزعمان خراپە و لە شوێنان بە شەش سەعات و هەشت سەعات کارەبایان هەیە، ئێمە 15 دەقەش نیمانە.
شوان عەلی یەکێک لەو هاوڵاتیانە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “بە ئێمە و گەڕەکی 8ـی حەسارۆکان محاویلەیەکمان هەیە و تەحەمول ناکات، رۆژانە ئەوپەڕی 5 دەقە کارەبای رەئیسیمان هەیە”.
“چووینەتە دایرەی کارەبا، دەڵێن زەختی 8ـی حەسارۆکانی لەسەرە و ناتوانین بیبڕین، دەبێ دوو مانگ تەحەمول بکەن تا بودجەی بۆ سەرف دەکرێت”، شوان عەلی وادەڵێت.
وەک ئەو هاوڵاتیانە باسی دەکەن، چەند کەسێک لە محاویلەکەوە بە نایاسایی کارەبایان راکێشاوە و ئەوەش زیاتر زەختی دروست کردووە و کارەباکەیان بەش ناکات.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری