راوێژکارێکی پەروەردەیی:

“گۆڕینی زمانی دایک لەناو منداڵان مەترسی بۆ داهاتوومان هەیە”

دیلان محەمەد – سلێمانی

شارەزایەکی بواری پەروەردە لە سلێمانی هۆشداری دەداتە دایک و باوکان لەبارەی مەترسییەکانی گۆڕینی زمانی دایکی منداڵ و رایگەیاند، بەدرێژایی مێژوو لە هیچ وڵاتێکی دونیادا نەبووە زمانی دایکی منداڵ جیاواز بێت لە دایک و باوکی.

لەو روانگەیەوە، د. دانا فازیل، راوێژکاری خێزانی و پەروەردەیی بۆ 964 وتی؛ دیاردەیەک لە ناو منداڵاندا سەری هەڵداوە کە تیایدا منداڵ بە زمانی ئینگلیزی بیر دەکاتەوە، دوعا دەکات، دەخوێنێت و قسە دەکات، کە ئەمەش بەستراوەتەوە بە کەلتووری ئینگلیزییەوە.

هۆکارەکانی ئەم دیاردەیە:

بوونی بەخێوکەری بیانی لە ماڵدا، کە بە بەردەوامی قسەیان لەگەڵ دەکات.
گرنگیدانی زیاد لە پێویست بە زمانە بیانییەکان: جەختکردنەوەی زۆر لەسەر زمانی ئینگلیزی لە باخچە و پۆلە سەرەتاییەکان و فەرامۆشکردنی زمانی کوردی.
ئاڵوودەبوون بە شاشەکان: کەمبوونەوەی کاتی مانەوەی دایک و باوک لەگەڵ منداڵەکانیان.
جەخت لەوە دەکاتەوە کە پەروەردەکردنی منداڵ بەشێوەیەک کە لەگەڵ کەلتووری دایک و باوک نامۆ بێت، وای لێ دەکات لە داهاتوودا لەگەڵ کۆمەڵگا، دین، کەلتوور و دابونەریتی وڵاتەکەی نەگونجێت و لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و خێزانییەکانیدا تووشی کێشە بێت، هەروەها هۆشداری دا کە کاڵبوونەوەی دەستەواژە و کەرەستە کەلتوورییە رەسەنەکان بەرەو دروستکردنی جیلێکی جیهانی دەبات کە هیچ ئینتیمایەکی بۆ خاک، نیشتمان، نەتەوە و ڕەوشتی خۆی نەبێت.

پێداچوونەوە: پەری ساڵح