"تەڕ و وشک پێکەوە مەسووتێنن"

تێکدانی کێڵگەکانی سەوزەی تانجەڕۆ کاسبکارانی عەلوەی نیگەران کردووە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

تێکدانی کێڵگەکانی سەوزە لەلایەن قایمقامیەتی سلێمانییەوە، کاسبکارانی عەلوەی نیگەران کردووە و دەڵێن، بازاڕیان نەماوە.

پەیامنێری 964 چووەتە عەلوەی سلێمانی و قسەی لەگەڵ چەند فرۆشیار و شۆفێرێک کردووە، ئاری فایەق کاسب و فرۆشیارە و دەڵێت، “ئەو سەوزەیەی دێتە ئێرە سەوزەی گردەگۆزینەی کەلار و بازیانە و هەمووی بە ئاوی پاک ئاو دەدرێت”.

ئەو لەگەڵ ئەوەی دەستخۆشی لە تیمەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەکات بۆ لەناوبردنی ئەو کێڵگانەی بە ئاوی پیس ئاودەدرێن، داوایان لێ دەکات، با تەڕ و وشک پێکەوە نەسووتێنن، چونکە خەڵک فەقیرە و هەموو ئەو سەوزانەی لە بازاڕیشدا هەیە، پیس نین.

لە دوێنێوە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەستیانکردووە بە تێکدان و لەناوبردنی چەند کێڵگەیەکی سەوزە لە تانجەڕۆ و دەڵێن، بە ئاوی زێراب و پیس ئاودەدڕێن و دەبنەهۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری