زستان هات و سەوزە چوو
گرانی گەیشتە پیاز؛ بە دوو هەزار دەگاتە دەست کڕیار
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
دەستپێکی وەرزی زستان و کەمبوونەوەی بەرهەمی سەوزە، نرخی سەوزەکانی لە عەلوەی هەولێر بەرزکردووەتەوە، گرانی گەیشتووەتە گیانی پیاز و یەک کیلۆی بە دوو هەزار دینار دەگاتە دەست کڕیار.
جگە لەوە، تەماتە، خەیار، پیاز و کولەکە لە ریزی ئەو سەوزانەن کە نرخییان گران بووە و کڕینیان بۆ هاوڵاتییان قورس کردووە.
نرخی کیلۆیەک پیازی ئێرانی لە عەلوەی هەولێر گەیشتووەتە 1300 دینار، لە کاتێکدا مانگێک لەمەوبەر بە 600 دینار دەفرۆشرا.
ئەمەش واتە نرخی پیاز لە ماوەیەکی کورتدا زیاتر لە دوو هێندە بەرزبووەتەوە.
هێمن ئەسعەد، کاسبکارێکی عەلوەی هەولێر، بە 964ی وت، پیاز پێشتر بە 600 دینار بووە، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 1300 دینار و بە 1750 و 2000 هەزار دینار دەگاتە دەست کڕیار.
غانم فاروق، کاسبکارێکی دیکەی عەلوە دەڵێت، ئەمساڵ هیچ کاڵایەک بە هەرزان نەماوە و گرانیی سووتەمەنی و گۆشت و سەوزە کاریگەری لەسەر توانای کڕینی خەڵک داناوە.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا