"لەنێو خێزانێکدا خۆیان حەشاردابوو"

لە بازگەیەکی بێجی دوو هاوڵاتی پاکستانی دەستگیرکران

سیروان خورشید – خورماتوو

هێزە ئەمنییەکان لە قەزای بێجی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین دوو هاڵاتی بیانییان دەستگیرکرد کە بە شێوەیەکی نایاسایی و لەنێو ئەندامانی خێزانێکدا خۆیان حەشاردابوو بە مەبەستی تێپەڕبوون بە بازگەکەدا.

عەقید ماجد فەحان ئەفسەر لە پۆلیسی پارێزگای سەڵاحەدین بە964ـی وت،” لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی پشکنینی وردی ئۆتۆمبێلەکان لە بازگەی مەکحول، گومان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری “هیۆندای سۆناتا” کرا کە شۆفێرەکە ئەندامانی خێزانەکەی لەگەڵدابوو، دوای پشکنین دەرکەوت دوو هاوڵاتی بیانی هەڵگری رەگەزنامەی پاکستانی لەنێو خێزانەکەدا خۆیان حەشارداوە.

وتیشی، ئەو دوو هاوڵاتییە بیانییە سەرپێچی مەرجەکانی مانەوە “ئیقامە”ـیان کردووە و لە کەرکوکەوە بەرەو سەڵاحەدین هاتوون، دوای دەستگیرکردنیان هەردوو تۆمەتبارەکە رادەستی بەشی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ کراون بە مەبەستی تەواوکردنی لێکۆڵینەوەکان.

ئاماژەی بەوەشکرد، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و ئەندامانی ئەو خێزانەش راگیراون و لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیاندا بەردەوامە بۆ زانینی هۆکار و چۆنیەتی هێنانی ئەو دوو کەسە بۆ ناوچەکە.

پێداچوونەوە؛ کوردستان جەلال