هەڵبژاردن و دەستبەکاربوون

ئەوەی حزبەکان لە دوو ساڵدا پێیان نەکرا قوتابیان لەیەک رۆژدا ئەنجامیاندا


ئەحمەد شەمزین – هەولێر

لە کاتێکدا دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دا تێپەڕیوە و هێشتا دەرگای پەرلەمان داخراوە و حکومەتیش پێک نەهاتووە، لە قوتابخانەیەکی هەولێر وانەیەکى دیموکراسى درا بە لایەنە سیاسییەکان و لە یەک رۆژدا هەڵبژاردنیان کرد و هەر ئەمڕۆش پەرلەمانى پۆلەکان دەستبەکار دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25.10.2026 لە قوتابخانەی رەنجى ناحکومى شارى هەولێر، 200 قوتابی بە جلی کوردی و پەنجەی مۆکراوەوە، لە نێوان 21 کاندیددا دەنگیان بە هەڵبژاردنى 7 کاندیدى موراقیبى پۆلەکانیان، لەم پەرلەمانە بچووکەدا، کاندیدەکان بۆ چارەسەری کێشەی نێوان قوتابی و مامۆستایان بەڵێنیان داوە.

ئەوەى ئەم هەڵبژاردنە جیادەکاتەوە لە هەڵبژاردنەکانى دیکە، پرۆسەکە تەواو دیموکراسى بوو، کاندیدەکان ئازادانە بانگەشەى خۆیان کرد و پۆستەرى بەڵینییەکانیان هەڵواسیبوون، نە چاوسوورکردنەوە هەبوو، نە هەڕەشە و فشار و نانبڕین و دەنگ کڕین.

ئەگەر بۆ هەڵبژاردنى گەورە و بڕیاربەدەستانى هەرێمى کوردستان دوو ساڵ و قسورێک بێت هیچ بە هیچ نەکرابێت، ئەوا قوتابیانى ئەو قوتابخانەیە هەر ئەمڕۆ دەنگیاندا و ئەنجامەکەى ئاشکرابوو و نوێنەرەکان لە سبەینێوە دەست بەکارکردن دەکەن.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح