کۆتری پێشبڕکێ بەرهەم دەهێنێت

“چەند کۆترێکم بە نیو دۆنم عەرز گۆڕیوەتەوە”؛ خاوەنکارێک زیاتر لە 20 ساڵە پیشەی بەرهەمهێنانی کۆترە

964+

رێباز یونس – هەولێر

بەخێوکەر و بەرهمهێنێکی کۆتر لە شاری هەولێر شوێنێكی تایبەتی بۆ بەخێوکردنی کۆتری پێشبڕکێ دروست کردووە و دەڵێت، “کۆترم بە حەوت هەزار دۆلار فرۆشتووە، بەڵام خۆشەویسترین کۆترم نادەمە دوو دەفتەر دۆلاریش. ”

ئاوارە زەنگەنە بەرهەمهێنی کۆتری پێشبڕکێیە و لەبارەی کۆترەکانییەوە بە 964ـی وت، “ئەم کۆترانە تەنیا بۆ پێشبڕکێ بە کاردێن و کۆتری جۆری زاجیلن، لە سەرووی مەودای 300  کیلۆمەتر دەفڕن و نرخەکەشیان لە هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات.”

ئاوارە زەنگەنە لە ساڵی 2004ـەوە خەریکی ئەم پیشەیەیە و بە وتەی خۆی کۆترەکانی چەندین خەڵاتییان بردووەتەوە و سەرجەمیشیان بڕوانامەیان هەیە و نەژادیان دیارە.

ئەو خاوەنکارە باس لەوە دەکات: کۆترەکانم ئەو کەسانە دەیانکڕن کە خۆیان بە زەنگین دەزانن، کۆترم فرۆشتووە بە حەوت هەزار دۆلار و جار هەبووە چەند کۆترێکم بە نیو دۆنم زەوی گۆڕیوەتەوە.

ئاوارە زەنگەنە باشترین کۆتری بە 964 پیشاندا و وتی: ئەمە لە ئەوروپا بوایە نەیاندەدا بە 10 دەفتەر دۆلار، ئەمە باشترین کۆتری منە،  11 پێشبڕکێم پێکردووە چوار جار یەکەم بووە، ئەتوانم بڵێم ئەمە تاکترین کۆترە لە هەموو عێراق و ئەوروپا، شەش هەزار دۆلاریان پێداوم بەڵام بە دوو دەفتەر دۆلاریش نایفرۆشم.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا