"کارێکی ئاسانە"

کیلۆی تا 70 هەزار دەڕوا.. حاجی کەریم نەعامە بەخێو دەکات

بروا مەجید – سەیدسادق

هاوڵاتییەک لە قەزای سەیدسادق، بە ناوی حاجی کەریم حەمە نادر، چەند مانگێکە دەستی بە بەخێوکردنی نەعامە کردووە و 22 نەعامەی لە باخەکەی خۆیدا کۆکردووەتەوە.

حاجی کەریم ئەم نەعامانەی لە بازیان کڕیوە و بۆی هێنراوە، نرخی هەر دانەیەکیان 105 هەزار بووە.، بە قسەی خۆی، نەعامەکان سەرەتا تەنیا 2 کیلۆگرام کێشیان هەبووە، بەڵام ئێستا کێشیان گەیشتووەتە 20 کیلۆگرام.

حاجی کەریم دەڵێت، نەعامە پێویستی بە شوێنێکی داخراو، پاک و تەمیز هەیە، بە تایبەتی لە سەرەتای ژیانی، چونکە بەچکەکانی پێویستیان بە شوێنی گەرمە و بەرگەی سەرما ناگرن.

لەبەر ئەوەی نەعامەکانی هێشتا بچووک و گەنجن، تا ئێستا هێلکەیان نەکردووە، ئەو ڕۆژانە گژوگیا و گەنمیان پێدەدات و لە باخەکەیدا جگە لە نەعامە، قەل و قاز و چەند جۆرێک لە مریشک و مەڕ و بزنیش بەخێو دەکات.

حاجی کەریم پێیوایە بەخێوکردنی نەعامە کارێکی ئاسانە، چونکە بە خێرایی گەورە دەبێت و خواردنی جۆراوجۆر دەخوات، ئەو هانی هاوڵاتیان دەدات دەست بەو کارە بکەن و دەڵێ، نرخی کیلۆیەک گۆشتی نەعامە تا 70 هەزار دەڕوات.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا