داوای خزمەتگوزاری و بژێوی ژیان دەکەن

“بەخوا گەنجمان لە برسا مرد”؛ کۆمەڵێک هاوڵاتی لە کەرکوک دژی حکومەتی عێراق گردبوونەوە


ژووری هەواڵ

کاروان ساڵحی – کەرکوک

کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە سەرجەم نەتەوەکان هاتوونەتە سەر شەقام و داوای مافی خۆیان دەکەن، یەکێکیان دەڵێت، “گەنج بێکارە و کەچی بێگانە بە دۆلار کار دەکات.”
ئەمڕۆ هەیینی لە بەردەم فولکەی بینای پیشووی پارێزگای کەرکوک کۆمەڵێک خۆپیشاندەر لە نەتەوەی کورد، عەرەب، تورکمان گردبوونەوە و داوای خزمەتگوزاری و باشترکردنی بژێوی ژیانیان دەکەن.

گەنجێک کە لە خۆپیشاندانەکە بەشداری کردووە دەڵێت، “گەنجی ئێرە هەموو مرد لە برسا، کاریان نادرێتێ و هەندێکیان رۆژانە بە 15 هەزار دینار کار دەکەن، بەڵام پاکستانی هەیە لە کۆمپانیای نەوت بە 10 وەرەقە ئیش دەکات.”

خۆپیشاندەرێکی دیکە باسی لە نەبوونی خزمەتگوزاری کرد و وتی، “بەرپرسەکان ئەم شارەیان وێرانکردووە، خۆڵ و خاشاکیش ئێستا گومرگی لەسەرە، ئاخر خۆڵ گومرگی بۆ هەیە؟ سەرۆکقوەزیران 10 ملیۆن دۆلار ئەدات بە مزگەوتی ئەمەوی لە دیمەشق کەچی میلـلەتەکەی مردوون لە برسا.”

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا