جەوەکە ساردی دەکات
جومعە باوبۆرانە و بەتەمای سەیران مەبن
شۆڕش قادری
رۆژی پێنجشەممە باوبۆران روو لە کوردستان دەکات و هەموو ناوچەکان دەگرێتەوە، بۆیە ئەم هەینییە بەتەمای چوونەدەرەوە و سەیران مەبن.
وەک کەشناسی کوردستان پێشبینی کردووە، لە کاتەکانی بەیانی رۆژی پێنجشەممە 29.10.2026 ناوچەکان دەکەوێتە ژێر کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و بارانبارین دەستپێدەکات.
بارانەکە هەموو ناوچەکانی کوردستان دەگرێتەوە و هەورەتریشقەشی لەگەڵ دەبێت، تا رۆژی شەممە 31ـی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
لە هەندێک شوێن بارانی بەخوڕ دەبێت و کەشناسی کوردستان رێژەی بارانبارینی ناوچەکانی لەو چەند رۆژەدا بەم شێوەیەی خوارەوە پێشبینی کردووە؛
سەنتەری پارێزگاکان لە سەرووی 12 ملم دەبێت.
سەنتەری ئیدارە سەربەخۆکانی (راپەڕین، زاخۆ و سۆران) سەرووی 15 ملم دەبێت.
سەنتەری ئیدارەی گەرمیان لە سەرووی 8 ملم دەبێت.
ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورییەکان سەرووی 20 ملم دەبێت.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەندێک کات ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو هەیە لەکاتی باران بارینی بەلێزمە، لەگەڵ ئەوەشدا پلەی گەرما سێ بۆ پێنج پلە نزم دەبێتەوە و خێرایی باـش لە رۆژی هەینیدا زیاد دەکات بۆ سەروو 25 کم لە کاتژمێرێکدا .