یادی خۆپیشاندانەکانی تشرینە

ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی خۆپیشاندانی تەحریر جێبەجێ دەکات

ئەحمەد مستەفا

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا رایگەیاند، بە راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و نوسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی خۆپیشاندانی ئاشتییانەی گۆڕەپانی تەحریر دەستی پێکردووە.

بەپێی راگەیەندراوی فەرماندەییەکە، ئەم رێکارانە بۆ خۆپیشاندانی ئەمڕۆ یەکشەممە 25.10.2026، لە ناوەڕاستی بەغدا جێبەجێ دەکرێن، بە ئامانجی پاراستنی خۆپیشاندەران و سامانی گشتی و تایبەت، لەگەڵ رەچاوکردنی بنەماکانی مافی مرۆڤ.

لە چوارچێوەی پلانەکەدا، پشکنینی وردی هاوڵاتییان لە رێگاکانی بەرەو گۆڕەپانی تەحریر ئەنجام دەدرێت، هەروەها، داخستنی رێگاکان تەنیا لە کاتی زۆر پێویست و بە فەرمانی راستەوخۆی فەرماندەیی رێگەپێدراوە.

لە هەمان کاتدا، هاتوچۆی تۆکتۆک و هەموو جۆرەکانی ماتۆڕسکیل لەسەر شەقامە خێراکانی محەمەد قاسم، رێکەی خێرای کەناڵی جەیش، رێگەی خێرای سەڵاحەدین/شوعلە و رێگاکانی پەیوەست بە تەحریر، لە کاتژمێر 12:00ی شەوی رابردووەوە قەدەغە کراوە.

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا داوای لە خۆپیشاندەران کردووە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بن و پابەندی رێنماییەکان بن، بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی گیانیان.

ئەمڕۆ حەوت ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر خۆپیشاندانەکانی تشرین “کە لە تشرینی یەکەمی 2019 دەستی پێکرد” وەکو خاڵێکی وەرچەرخان لە مێژووی سیاسیی عێراقدا ناسراون کە تێیدا هاوڵاتیان داوای گۆڕینی سیستەمی سیاسی، بنبڕکردنی گەندەڵی، و باشترکردنی خزمەتگوزارییان دەکرد.

شەهید و کوژراون، بەپێی ئامارە فەرمییەکانی حکومەتی عێراق و راپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە 600 بۆ 800 خۆپیشاندەر و چالاکوان گیانیان لەدەستدا، زۆربەیان بەهۆی تەقەی راستەوخۆ یان بەرکوتنی گازی فرمێسکڕێژ بە سەریان بوو.

ژمارەی بریندارەکان زۆر لەوە زیاتر بوو، کە بە زیاتر لە 25 هەزار بریندار مەزەندە دەکرێ، سەدان کەس لەوانە بەهۆی پێکانەکانیانەوە تووشی کەمئەندامی هەمیشەیی بوون “وەک لەدەستدانی چاو یان شەلەلبوون”.