وەزارەتی کارەبا: سەرقاڵی چارەسەری کێشەکەین

نزیکەی هەفتەیەکە 10 گەڕەکی هەولێر بێ کارەبان

شۆڕش قادری

هێشتا کارەبای رەئیسی نزیکەی 72 هەزار هاوڵاتیی دانیشتووی 10 گەڕەکی هەولێر نەگەڕاوەتەوە و وەزارەتی کارەبا دەڵێت، سەرقاڵی چارەسەرکردنی کێشەکەن.

وەزارەتی کارەبای هەرێم لە روونکردنەوەیەکدا بڵاویکردەوە، تیمەکانیان لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا، بە بەردەوامی و شەو و رۆژ کاریان لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی وێستگەی کارەبای نووسەران لە سەنتەری شاری هەولێر کرد و زۆربەی گرفتەکانی چارەسەر کرد، بەڵام شەوی رابردوو، دووبارە چەند کێشەیەکی تەکنیکی روویاندا.

وەزارەتی کارەبا دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دڵنیا دەکاتەوە کە سەر بەو وێستگەیەن، کە تیمەکان سەرقاڵی چارەسەرکردنی گرفتەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات، دۆخی کارەبا لە تەواوی گەڕەکەکانی نووسەران و دەورووبەری ئاسایی ببێتەوە.

رۆژی 19ـی ئەم مانگە و لەکاتی ئەنجامدانی زنجیرەیەک کاری رێکخستنەوە و سازدان، 12 کێبڵی کارەبای 132 کەی ڤیی پاڵەپەستۆی بەرز زیانیان بەرکەوت، ئەوەش بووەتەهۆی پچڕانی پێدانی کارەبا بە وێستگەکانی نووسەران و پارک لە هەولێر.

بەوهۆیەوە نزیکەی 72 هەزار هاوڵاتی دووچاری پچڕانی کارەبا بوونەتەوە لە گەڕەکەکانی (نووسەران، حاکماوە، تەیراوە، بەشێکی بەختیاری، سەڵاحەددین، ئاری، تاوەرەکانی گوڵان، پڕۆژەی کواترۆ، سکای تاوەر و بۆلیڤارد).