پشتگیرییە لە کەرتی نیشتەجێبوون

بانکی خانوبەرە یەک تریلیۆن دیناری دیکەی بۆ قەرزی نیشتەجێبوون تەرخان کرد

ئەحمەد مستەفا

بانکی خانوبەرەی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی و لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیران، بڕی یەک تریلیۆن دیناری دیکەی بۆ دەستپێشخەریی نیشتەجێبوون لە ساڵی 2026 تەرخان کردووە.

ئەم بڕە پارەیە بۆ دابینکردنی قەرز بۆ هاوڵاتییان تەرخان کراوە، بە مەبەستی کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگە وەبەرهێنان کارییەکان، ئەم هەنگاوەش ئامانجی چارەسەرکردنی قەیرانی نیشتەجێبوون، دابینکردنی هەلی کار و بوژاندنەوەی ئابووریی نیشتمانییە.

لە هەمان کاتدا، بانکی خانوبەرە سیستمی ئەلیکترۆنی بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی قەرز و دانەوەی قیستەکان لە رێگەی پلاتفۆرم و ئەپڵیکەیشنی مۆبایلەوە چالاک کردووە، بۆ ئەوەی خزمەتگوزارییەکان بۆ هاوڵاتییان لە 15 پارێزگای عێراق ئاسانتر بکرێن.

بەپێی ئەم راگەیاندنە، تەرخانکردنی ئەم بڕە پارەیە بەشێکە لە هەوڵەکان بۆ ئاسانکاریی دەستگەیشتنی هاوڵاتییان بە خانوو و پشتگیریکردنی کەرتی نیشتەجێبوون لە عێراق.