تاکە قەزایە ئامێری راکێشانی پارەی نییە

شوێنی ATMـەکانی بازیان حازرە بەڵام خۆیان نەگەیشتوون

ئەحمەد محەمەد – بازیان

بازیان تاكە قەزایە لە هەرێمی كوردستان کە ئامێری راکێشانی پارەی لێ نییە و موچەخۆرانی ناچارن لەکاتی هاتنی موچە روو لە سلێمانی و قەزاکانی دەورووبەری بکە، قایمقام دەڵێت، لەگەڵ تیمی “هەژماری من” لەسەر خەتە بۆ دانانی چەند ئەی تی ئێمێک بەمزووانە.

دوو هەفتەیەک دەبێ تیمی هەژماری من چوونەتە بازیان و لەبەردەم كتێبخانەی گشتی قەزاکە شوێنێکیان بۆ دانانی ATM دیاری کردووە و ئامادەیە، بەڵام هێشتا ئامێرەکان نەگەیشتوون.

تارق رەشید قایمقامی بازیان بە 964ـی وت، “بازیان هەر لە ATM بێ بەش نییە، بەڵكو تاكە قەزایە لەسەر ئاستی هەرێم کە چەندان كەمووكوڕیی دیكەی هەیە و تاكە قەزایە فەرمانگەكانی نەكراون بە بەڕێوەبەرایەتی و سەربەخۆ نین”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەگەڵ تیمی “هەژماری من” لەسەر خەتە بۆ ئەوەی بەمزووانە ATMـەکانیان بەدەست بگات و موچەخۆران لە نارەحەتی و رێگای دوورودرێژی شارەکانی دیکە رزگار بکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری