ئەمجەد حوسێن پەناهی بۆ 964:
“ئێمە موجاهیدینی خەلق نین ئاوا بە ئاسانى دەرمان بکەن”
964+
ژوورى هەواڵ
دوای بڵاوبوونەوەی راگەیەندراوێکی باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا، کە باس لە رێککەوتنی نێوان عێراق و ئێران دەکات بۆ رادەستکردنەوە یان دەرکردنی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان، سەرکردایەتییەکی ئەو حیزبانە دەڵێت: “ئێران لەوە لاوازترە بتوانێت بڕیارێکی وا جێبەجێ بکات.”
ئەمجەد حوسێن پەناهی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 رایگەیاند کە ئەوانیش تەنیا لە رێگەی میدیاکانەوە هەواڵی ئەو رێککەوتنەیان بیستووە، بەڵام وەک دەڵێت: ئەمە شتێکی نوێ نییە و چاوەڕوانکراو بوو.
“چەندین دەیەیە ئێران گوشار لە عێراق دەکات، بەڵام ئێمە بەشێکین لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردی و دانەبڕاوین لە خاک و خەڵکی خۆمان کە داڵدەی داوین. ئێمە ‘موجاهیدینی خەلق’ نین تا بەو ئاسانییە دەستمان بۆ ببرێت “، پەناهى واى وت.
ئەو سەرکردەیەی کۆمەڵە ئەو بڕیارەی بە “پڕوپاگەندە” ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لەوە لاوازترە بتوانێت ئەوەیان بەسەردا جێبەجێ بکات.
روونیشى کردەوە کە “جاران ئێران دەیگوت ئەو هێزانە پێگەیان لەناو جەماوەردا نییە، بەڵام ئەم ترسە و فشاری ئێستایان دەریدەخات کە پێگەی هێزە کوردییەکانی رۆژهەڵات چەندە گەورەیە.”
شەوی دووشەممە (19-10-2026)، قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، کۆبوونەوەیەکی فراوانکراوی لیژنەی هاوبەشی ئاسایشی عێراق و ئێرانی ئەنجامدا، کە تێیدا شاندێکی باڵای ئێران و نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون. کۆبوونەوەکە بە ئامانجی جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆش، باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی (X – تویتەری پێشوو)، وردەکارییەکەی ئاشکرا کرد و نووسیویەتی، “هەردوولا رێککەوتن لەسەر دەرکردنی ئەندامانی گرووپە جوداخوازەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق یان رادەستکردنیان بە ئێران.”