وەزارەتی کارەبا هەموو قەرزەکانی وەردەگرێتەوە

قەرزی کۆنی کارەبا دەخرێتە سەر پسوڵەی مانگانە لە پڕۆژەی رووناکی

ئەحمەد مستەفا

پڕۆژەی رووناکی رایگەیاند، قەرزی کۆنی کارەبا دەخرێتە سەر پسوڵەی کارەبای مانگانە، هەروەها قەرزی ماڵان دەبێت لە ماوەی 24 مانگدا بدرێتەوە.

هەروەها بۆ شوێنەکانی بازرگانیی بچوک لە ماوەی 12 مانگ و بازرگانیی گەورەش لە ماوەی 6 مانگدا دەبێت بدرێتەوە، وەک پڕۆژەکە باسی دەکات، زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانی کە قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 300 هەزار دینار.

پڕۆژەی رووناکی لە راگەیەندراوی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا باسی لەوەکردووە،  یەکەم قیست دەخرێتە سەر پسوولەی مانگی نۆ کە چاوەڕوانکراوە لە مانگی 10 دەربچێت.، ئەم قیستانە دەبێت پێکەوە لەگەڵ پسوڵەی مانگانەی رووناکی لە 50 ڕۆژدا بدرێنەوە.

وەک پرۆژەکە باسی دەکات، قیستی مانگانە هەلێک دەدات بۆ هەموو ئەو هاوبەشانەی کە بەشداریان لە داشکاندنە ناوازەکەی تاوەکو %50 نەکردوو بۆ ئەوەی قەرزی کۆنی پێش رووناکی لە ماوەیەکی درێژخایەن بەقیست بدەنەوە.

ئەم قیستانە دەبێت پێکەوە لەگەڵ پسوڵەی مانگانەی رووناکی لە ماوەی 50 رۆژی ماوەی پارەدانی پسوڵە بدرێنەوە، پڕۆژەی رووناکی دەڵێ، ئەم قیستە درێژخایەنانە بەشێوەیەک دارێژڕاون بۆ ئەوەی کارئاسانی بکەن بۆ هەموو ئەو هاوبەشانی قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەسەر ماوە.

ماوەی پلانەکانی قیست بەپێی پۆلی هاوبەش:
پۆلی هاوبەش: ماڵان و کشتوکاڵ
ماوەی بە مانگ: تاوەکو 24 مانگ
کەمترین بڕێ قیستی مانگانە بە دینار: 20،000
پۆلی هاوبەش: بازرگانی بچووک
ماوەی بە مانگ: تاوەکو 12 مانگ
کەمترین بڕێ قیستی مانگانە بە دینار: 20،000
پۆلی هاوبەش: بازرگانی گەورە و پیشەسازی گەورە
ماوەی بە مانگ: تاوەکو 6 مانگ
کەمترین بڕێ قیستی مانگانە بە دینار: 200،000

نزیکەی 800,000 هاوبەش قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەچوارچێوەی داشکاندنەی حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو 50٪ی نێوان 3ی مانگی 8 تاوەکو 10ی مانگی 9 دایەوە.

لەئەنجامدا، زیاتر لە 1.2 ملیۆن لە 2 کۆی ملیۆن هاوبەش لە سەرانسەری کوردستان ئێستا قەرزی کۆنییان لەسەر نییە، لەوانە 1 ملیۆن هاوبەشی ماڵان.

زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانی کە قەرزی کۆنی پێش رووناکییان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان کەمترە لە 300،000 دینار.

تاوەکو ئێستا لە پرۆژەی رووناکیدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوونی کردووە بۆ بڕی 360 ملیار دینار کە 300 ملیاری بۆ لێخۆشبوونی سەر قەرزی کۆنی پێش ڕووناکی بووە کە تییایدا 800،000 هاوبەشی کارەبا سوودمەندبوون.