لە یەک کاتژمێردا سەروەتەکەیان توایەوە

ریزبەندی دەوڵەمەندترینەکانی جیهان گۆڕا

964+

وریا فەتاح

شەپۆلێکی بەهێزی فرۆشتنی پشکە تەکنەلۆژییەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا، گورزێکی گەورەی لە سەروەتی دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکانی جیهان دا. بە جۆرێک تەنها لە ماوەی یەک کاتژمێردا ملیاران دۆلار لە سەروەتەکانیان توایەوە و ریزبەندییەکەی گۆڤاری فۆربس گۆڕانکاری گەورەی بەسەردا هات.

ئەمڕۆ (16-10-2026)، بەهۆی دابەزینی خێرای پشکەکانی کۆمپانیای (Dell Technologies)، مایکڵ دێڵ، دامەزرێنەر و سەرۆکی کۆمپانیاکە، تەنها لە یەک کاتژمێردا نزیکەی 16 ملیار دۆلار لە سەروەتەکەی توایەوە.

پشکەکانی کۆمپانیاکەی زیاتر لە 9% بەهای خۆیان لەدەستدا و گەیشتە 462.88 دۆلار. بەمەش کۆی گشتی سەروەتەکەی مایکڵ دێڵ بۆ 241.2 ملیار دۆلار دابەزی و لە ریزبەندی چوارەمەوە بۆ پلەی شەشەمی دەوڵەمەندترینەکانی جیهان پاشەکشەی کرد.

بەڵام مایکڵ دێڵ تەنیا قوربانیی ئەم دابەزینە نەبوو، ئیلۆن مەسک، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان، زۆرترین زیانی بەرکەوت و لەو ماوەیەدا 41 ملیار دۆلار لە سەروەتەکەی کەمبووەوە. هاوکات مارک زوکەربێرگ (سەرۆکی مێتا) و جێنسن هوانگ (سەرۆکی ئەنڤیدیا)ش زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.

هۆکاری سەرەکی ئەم دابەزینە گەورەیەی پشکە تەکنەلۆژییەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵئاوسان لە ئەمریکا بۆ 3.7% لە مانگی رابردوودا، کە ترسی ئەوەی دروستکردووە بانکی ناوەندی ئەمریکا (Fed) دووبارە رێژەی سوود بەرز بکاتەوە. هەروەها تێچووی زەبەلاح و خەیاڵیی کۆمپانیاکان بۆ وەبەرهێنان لە بواری ژیریی دەستکرد (AI) هۆکارێکی دیکەی ترس و دڵەڕاوکێی وەبەرهێنەرانە.

بەپێی نوێترین داتای راستەوخۆی گۆڤاری فۆربس، ریزبەندی 7 دەوڵەمەندترین کەسایەتییەکەی جیهان ئێستا بەم شێوەیەیە:

1.  ئیلۆن مەسک (سەرباری لەدەستدانی 41 ملیار دۆلار لە پلەی یەکەم ماوەتەوە)

2.  جێف بێزۆس

3.  لاری پەیج

4.  سێرگی برین

5.  مارک زوکەربێرگ (سەروەتەکەی 250.7 ملیار دۆلارە)

6.  مایکڵ دێڵ (سەروەتەکەی بۆ 241.2 ملیار دۆلار دابەزیوە)

7.  جێنسن هوانگ (سەروەتەکەی 187.8 ملیار دۆلارە)