بێزارت ناکەن

تاکسیە بێ شۆفێرەکان شۆڕشێک بەرپا دەکەن؛ کرێى زیادت لێ وەرناگرێت

وریا فەتاح

زۆر جار کە سوارى تاکسییەک دەبیت، شۆفێرەکەى بە شێوازى لێخوڕین بێت یان قسەکردن، رەنگە بوبێتە هۆى بێزاربوونت، زۆرێک لە خەڵکیش گرفتارن بەدەست زۆرى وەرگرتنى کرێ لەلایەن شۆفێرانى تاکسییەوە. بەڵام هێناوتەتە پێش چاوى خۆت تاکسییەک بێتە بەردەرگات و شۆفێرى تێدا نەبێت؟.

ئەمە خەیاڵ نییە، ئەمانە پێیان دەوترێت “رۆبۆتەکسی”، واتە ئەو تەکسییانەی 100% بێ شۆفێرن. خەریکە ئەم تەکسییانە جیهان داگیر دەکەن، بەڵام هاتنی ئەم رۆبۆتانە تەنها سەرنشینەکان دڵخۆش ناکات، بەڵکو کۆمپانیاکانی تەئمینیشی خستووەتە بەردەم گەورەترین شۆڕشی مێژووییەوە.

پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035، ئەم تەکسییە بێ شۆفێرانە بازاڕێکی نوێ بۆ کۆمپانیاکانی تەئمین دروست بکەن کە قەبارەکەی بگاتە 26 ملیار دۆلار.

بەپێی راپۆرتێکی نوێی پەیمانگای جیهانیی (Counterpoint Research) کە تایبەتە بە توێژینەوەی تەکنەلۆژیا، پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2035، ئەم تەکسییە بێ شۆفێرانە بازاڕێکی نوێ بۆ کۆمپانیاکانی تەئمین دروست بکەن کە قەبارەکەی بگاتە 26 ملیار دۆلار!

پێشتر کاتێک دەچوویت ئۆتۆمبێلەکەت تەئمین بکەیت، دەیانپرسی: “شۆفێرەکە کێیە؟ تەمەنی چەندە؟ پێشتر چەند رووداوی هەبووە؟” بەڵام ئێستا پرسیارەکە بەتەواوی گۆڕاوە! ئیتر کۆمپانیاکان ناپرسن کێ لێیدەخوڕێت، بەڵکو دەپرسن: “کامێرای ئەم ئۆتۆمبێلە چەند روونە؟ عەقڵە ئەلیکترۆنییەکەی چەند زیرەکە؟ حەساسەکانی چەند خێران؟”

بۆیە ئەگەر ئەم تەکسییانە رووداوێکیش بکەن، ئیتر شۆفێرێکی تێدا نییە تا لێی تووڕە ببیت و یەخەی بگریت، بەڵکو لێپرسینەوەکە دەکەوێتە ئەستۆی ئەو کۆمپانیایەی ئۆتۆمبێلەکەی دروستکردووە، یان ئەو ئەندازیارەی پرۆگرامە زیرەکەکەی بۆ داناوە.

بەپێى راپۆرتى پەیمانگامە، چونکە ئەم تەکسییە رۆبۆتییانە تووڕە نابن، خەویان نایەت و زۆر لە مرۆڤ سەلامەتتر لێدەخوڕن، پێشبینی دەکرێت نرخی تەئمین بە رێژەی 30% هەرزانتر ببێت.

واتە لە داهاتوویەکی نزیکدا، نەک هەر لە بێزاریی شۆفێری تەکسی رزگارت دەبێت، بەڵکو گەشتەکەت هەرزانتر و زۆر سەلامەتتریش دەبێت.