"هەوڵی تێپەڕینی نایاسایی داوە"

لە هورمز کەشتییەک بەر مین کەوتوو نوقم بوو

ئەحمەد مستەفا

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی بارهەڵگر کە زیاتر لە دوو هەزار و 500 کۆنتێنەری هەڵگرتووە، لە گەرووی هورمز نوقم بووە.

بەپێی راگەیاندنی سوپای پاسداران، کەشتییەکە ئەمڕۆ چوارشەممە 14.10.2026، دوای روودانی تەقینەوە و سەرکەوتنی ئاگرێکی بەهێز، نوقم بووە، هۆکاری رووداوەکە، بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، بەرکەوتنی کەشتییەکە بە مینێکی دەریایی بووە.

سوپای پاسداران هەروەها ئاماژەی بەوە داوە کە کەشتییەکە هەوڵی تێپەڕین لە رێڕەوێکی نایاسایی و مەترسیدار لە گەرووی هورمزی داوە.

لە هەمان کاتدا، بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاگاداریی بە کەشتیوانان و کەشتییەکانی دیکە داوە کە لەو ناوچەیەدا وریایی زیاتر بەکاربهێنن.

هۆشدارییەکە بە تایبەتی پەیوەندی بە کۆنتێنەرەکانی کەشتییە نوقماوەکەوە هەیە، کە لەسەر رووی ئاوەکە ماونەتەوە و دەتوانن ببنە هۆی مەترسی و بەریەککەوتن بۆ کەشتییەکانی دیکە.