پۆلیسی سلێمانی:
نە پارە لە زیندانیان وەرگیراوە و نە کەلوپەلیان پێکڕدراوە
ژووری هەواڵ
پۆلیسی سلێمانی هەواڵێک لەسەر فرۆشگای بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانی بەدرۆ دەخاتەوە و دەڵێت: رێکاری یاسایی دژی ئەو کەسانە دەگرینەبەر کە ئەو هەواڵەیان هەڵبەستووە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە روونکردنەوەکەیدا باس لەوە دەکات، هەواڵەکە لەبارەی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانییە، کە گوایە لە فرۆشگای بەشی ناوبراو بە گران شت فرۆشراوە یان کەلوپەل بە راگیراوان کڕدراوە و بڕی 15%ی ئەو پارانەی لەدەرەوە دێن بۆ راگیراوان لێیان وەرگیراوە.
پۆلیسی سلێمانی روونیکردەوە، راستەوخۆ دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵە، لیژنەیەکی تایبەتمەند سەردانی بەشی پۆلیسی گرتن و گواستنەوەی سلێمانیان کرد کە هاوکات نوێنەری داواکاری گشتی و نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانیش ئامادەبوون و دوای بەدواداچون و چاوخشاندنەوە بە مەرج و بڕگەکانی گرێبەستی (تەندەری) فرۆشگاکە کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوەدەبرێت، هەروەها چاوپێکەوتن لەگەڵ چەند راگیراوێک کراوە و دەرکەوت کە سەرلەبەری هەواڵ و بابەتەکە ناڕاستە و دەرئەنجامی لیژنەکە ناوەرۆکی هەواڵەکە بەدرۆ دەخاتەوە.
دەشڵێت: بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بە مافی خۆی دەزانێت کە رێکاری یاسایی دژی ئەو کەس و لایەنانە بگرێتەبەر کە هەوڵی چەواشەکاری دەدەن و هەواڵی هەڵبەستراو بڵاودەکەنەوە.