بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە پێغەمبەر محەمەد دەستگیر کرابوو
سعودیە سزای لەسێدارەدانی گەنجێکی سریلانکی هەڵوەشاندەوە
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
دوای ئەوەی گەنجێکی سریلانکا بەتۆمەتی سوکایەتییکردن بە پێغەمبەر محەمەد و ئایینی ئیسلام لە سعودیە دەستگیرکرا و دواتر سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، ئەمڕۆ دادگای باڵای سعودیە سزاکەی هەڵوەشاندەوە.
ئارون هیماچاندرا، جێگری وەزیری دەرەوەی سریلانکا، هەواڵەکەی راگەیاند و وتی: بە هەوڵی دیپلۆماسی هەردوو وڵات دادگای باڵای سعودیە سزای لەسێدارەدانی گەنجەکەی هەڵوەشاندەوە.
ئانۆجان سیڤاراسا تەمەنی 27 ساڵە و لە سعودیە وەک کرێکارێکی کۆچبەر کار دەکات. لە مانگی تەمووزی ئەمساڵ لەسەر کۆمێنتێکی فەیسبووک دەستگیرکرا.
کەناڵی بی بی سی بەریتانی دەڵێت، کێشەکە لەسەر ڤیدیۆیەک دروست بوو کە بووە ترێند و تێیدا پیاوێکی مسوڵمان شەق لە سەگێک هەڵدەدات، ئەمەش بووە هۆی پێکدادانی پەیڕەوانی ئایینە جیاوازەکان لە کۆمێنت، دواتر لە کۆمێنتی ئەو ڤیدیۆیە کەسێک سوکایەتی بە خواوەندێکی هیندۆسی دەکات و ئەنۆجانیش سوکایەتی بە پێغەمبەر محەمەد دەکات.
هەرچەندە دواتر ئەنۆجان کۆمێنتەکەی سڕیوە، بەڵام سکرینشۆتی کۆمێنتەکەی کرابوو، دواتر ئەو سکرینشۆتە درایە خاوەن کارەکەی و بەرپرسانی سعودیە.
لە دادگایەکی پێداچوونەوەی سعودیە کۆمێنتەکەی ئانۆجان بە “کفر” و “سوکایەتییکردن” بە ئیسلام لێکدرایەوە، بۆیە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا.
هێشتا دیار نییە ئانۆجان رێکاری یاسایی دیکەی دەگیرێتەبەر یان لە زیندان دەمێنێتەوە، بەڵام لە سەرەتاوە سزای پێنج ساڵ زیندانی بە سەردا سەپێنرا و بە سێ ملیۆن ریاڵی سعودیش پێبژاردن سزادرا.
دۆسیەکەی ئانۆجان کاردانەی نێودەوڵەتی دروستکرد و سریلانکا و چەند رێکخراوێکی مافی مرۆڤ داوایان لە سعودیە کرد سزای لەسێدارەدانی هەڵبوەشێنێتەوە.