شێخ ئەڵڵاشکور پاشازادە، سەرۆکی ئیدارەی موسڵمانانی قەوقاز کە بە کوردى خۆمان دەکاتە موفتى ئازربایجان و قەوقاز
شێخ ئەڵڵاشکور پاشازادە، موفتى ئازربایجان:
“جێبەجێکردنى بڕیارى یەکپۆشى لە قوتابخانەکان رێکخستنێکى پەروەردەییە”
وریا فەتاح
شێخ ئەڵڵاشکور پاشازادە، سەرۆکی ئیدارەی موسڵمانانی قەوقاز کە بە کوردى خۆمان دەکاتە موفتى ئازربایجان و قەوقاز، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی “ریال تی ڤی”ـی ئازەربایجانی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک حیجاب لە ئازەربایجان قەدەغە نەکراوە و ئەو دەنگۆیانەی لەسەر بوونی گوشار لەسەر موسڵمانان بڵاودەکرێنەوە، دوورن لە راستییەوە.
پاشازادە رایگەیاندووە کە زانایانی فیقە و موجتەهیدەکان بە تەواوی ئاگاداری ئەحکام و یاساکانی حیجابن. لە ئێستادا خوێندکارانی کچ لە ناوەندە پەروەردەیییە ئایینییەکاندا بە ئاسایی و بە حیجابەوە دەخوێنن.
لەبارەى بڕیارەکەى پەروەردەى ئازەربایجان، چاشازادە دەڵێت: جێبەجێکردنی بڕیاری پۆشاکی یەکپۆشی لە قوتابخانە حکومییەکاندا تەنیا رێکارێکی رێکخستنی پەروەردەیییە، نەک قەدەغەکردنی ئایینی.
داواشی کرد ئەم بابەتە بۆ دروستکردنی شڵەژان بەکارنەهێنرێت.
روونیشى کردەوە، لایەنی ناوخۆیی و دەرەکی هەوڵدەدەن زانیاریی هەڵە لەسەر بەرتەسککردنەوەی ئیسلام بڵاوبکەنەوە بە مەبەستی بەسیاسیکردنی پرسی حیجاب و ئاڕاستەکردنی خەڵک دژی دامەزراوە نیشتمانییەکان، کە ئەمەش بە تەواوی رەتکراوەیە.
ئەو چەند بەڵگەیەکى خستووەتەڕوو کە دەوڵەت دژى ئیسلام نییە، باسى لەوەکردووە کە لەلایەن سەرۆک ئیلهام عەلیێڤەوە، نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکان لە ناوچە ئازادکراوەکان جێبەجێکراون و چەند مزگەوتێکى نوێش دروستکراون.