لە دەربەندیخان

بەشێک لە دوکانداران نایانهەوێ لە شەواندا دوکانەکانیان دابخەن

میلاد جەلال – دەربەندیخان

ژمارەیەک لە دوکاندارانی قەزای دەربەندیخان دژی داخستنی دوکانەکانیان لە شەواندا گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی.

سەرچڵ سەردار دوکاندارێکی دەربەندیخان بە 964ـی وت، “بڕیارێک لە دیوانی قایمقامیەتی دەربەندیخانەوە دەرچووە بە ئیمزای کۆمەڵێک دوکانداری ناو بازاڕ کە چیتر شەوان دوکان نەکرێتەوە، ئەمەش ھیچ جێی قبوڵ نیە”.

“ئێمە کە زیاتر لە 100 دوکانداری دەرەوەی بازاڕین، بڕیارەکەمان پێ باش نیە، چونکە لە قوت و ژیانی ئێمە و چەندین کارمەندی دوکانەکانمان دەدات و ئاوابێ، ناچارین کارمەندەکان بێ ئیش بکەین و بیانێرینەوە ماڵەوە”، سەرچڵ سەردار وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھەرکەس ئازادە دوکان بکاتەوە یان دایبخات، کەسێک حەزی لە میوانی و گەڕانە بۆخۆی دوکان دابخات و بچێتەوە ماڵەوە نەک لەبەرژەوەندی خۆی داوای داخستنی ھەموو دوکانەکان بکات.

دوای داواکاری سەرتاشەکان لە سلێمانی و دەربەندیخان بۆ رێکخستنەوەی ماوەی کارکردنیان و داخستنی دوکانەکانیان لە شەواندا، لە ماوەی رابردوو بەشێک لە دوکاندارانی دەربەندیخانیش داوایان کرد، لە کاتژمێر 8ـی بەیانی بۆ کاتژمێر 8ـی شەو کاربکەن.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری