"بەبەڵگەوە دەڵێم داری خۆمان نییە"
هاوڵاتییان نیگەرانن، بەڵام پارێزگاری دهۆک ڕەتیدەکاتەوە
شڤان عەبدوڵا – دهۆک
کەسی یەکەمی دهۆک دەڵێ، بەبەڵگەوە رەتی دەکەمەوە کە داربڕینەوە لە سنووری ئامێدی ئەنجامدرابێ، لە کاتێکدا بابەتەکە ئەم دەست و ئەو دەست دەکات و بووەتە سەرچاوەی نیگەرانی و گفتوگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
هەندێک هاوڵاتی و چالاکی مەدەنی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە رۆژانە ژمارەیەکی زۆر بارهەڵگر لە سنووری ئامێدییەوە بەرەو تورکیا دەڕۆن و دار لەگەڵ خۆیان دەبەن.
بەپێی وتەی هەندێک لە دانیشتووانی ناوچەکە، کە رێکخراوەکانی بواری ژینگەش بڵاویان کردووەتەوە لەوانە، “ئایندە، ملەکەوە” و پەیامنێری 964 زانیارییەکانی لە زانیاری ئەوانەوە گواستووەتەوە، ژمارەی بارهەڵگرەکان دەگاتە زیاتر لە 20 دانە لە رۆژێکدا.
بەڵام، پارێزگاری دهۆک ئەم بانگەشانە پشتڕاست ناکاتەوە، عەلی تەتەر بە 964ی وت، بەدواداچوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق نیشانی نەداوە کە دارێک لە سنووری هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیاوە بڕدرابێت.
بەڵکو پارێزگاری دهۆک دەڵێت، دارە گومانلێکراوەکان لە خاکی تورکیاوە هاتوون و ئەو کەسانەی گومانێکیان هەیە، دەتوانن بەدواداچوون بۆ بەڵگە و راستیی بابەتەکە بکەن و من بەبەڵگەوە دەڵێم، داری خۆمان نییە.
لەگەڵ ئەوەی ئەم بابەتە لە ماوەی یەک هەفتەی رابردوودا، بووەتە مایەی ناڕەزایی و گفتوگۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە تایبەتی لەلایەن بەشێک لە هاوڵاتیان و چالاکانی ژینگەوە، ئەمە یەکەمجارە لە ئاستی ئیداریی قسە لەبارەی ئەو دارانەوە بکرێ.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا