چی روویداوە؟

جوڵەی فڕۆکەی ئەمریکی هەبووە لە ئاسمانی عێراق؛ داوای روونکردنەوە دەکرێ

ئەحمەد مستەفا

لیژنەی ئاسایش و بەرگریی  پەڕلەمانی عێراق بەدواداچوون بۆ راپۆرتەکانی جوڵەی ئاسمانیی فڕۆکەکانی ئەمریکا لە ئاسمانی عێراق دەکات، لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاشکرای کردووە کە چالاکییە ئاسمانییەکان لە ماوەی 1 تا 12ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵدا لە رۆژئاوا و باشووری عێراق روویداوە و چاودێری کراون.

بەپێی بەدواداچوونی بەشی عەرەبی تۆڕی 964، سروشتی ئەم جوڵانە و ئامانجەکانیان بە تەواوی روون نییە، سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاماژەی بەوە داوە کە عێراق هێشتا کەناڵەکانی پەیوەندی لەگەڵ فەرماندەیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بەردەوام دەکات، بە تایبەتی لە رێگەی بنکە و کەناڵەکانی پەیوەندی لە ئوردن، بۆ زانینی وردەکارییەکانی پەیوەندیدار بە چالاکییە ئاسمانییەکان.

لە هەمان کاتدا، میدیای ئیسرائیلی تاپۆرتی بڵاوکردووەتەوە سەبارەت بە راهێنانی فڕۆکە جەنگییەکانی F-35، کە بە گوێرەی ئەو راپۆرتانە، بۆ ئامادەسازی هێرش بۆ سەر ئامانجەکانی ناو ئێران و تێپەڕین لە ئاسمانی ئەو وڵاتە ئەنجام دراون، هەروەها باس لە پشتیوانیی لۆجستیی ئەمریکا و سووتەمەنی پێدانی فڕۆکەکان لە ئاسماندا کراوە.

مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان، رایگەیاندووە کە لیژنەکە بە وردی چاودێریی راپۆرتەکانی پەیوەندیدار بە جووڵەی فڕۆکە ئەمریکییەکان دەکات، چ لە چوارچێوەی راهێنان و مانۆڕدا بن، یان چالاکیی سەربازیی دیکە.

غەریب جەختی کردووەتەوە کە پێویستە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییە پەیوەندیدارەکان سروشت و ئامانجی ئەم چالاکییانە بپشکنن و دڵنیایی بەدەست بهێنن لەوەی کە لەگەڵ رێککەوتن و تێگەیشتنەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە دەگونجێن.

بەپێی زانیارییە بڵاوکراوەکان، فڕۆکەی ئەمریکی سووتەمەنی پێدانی ئاسمانیی KC-46A Pegasusیش وەک بەشێک لە پشتیوانیی چالاکییەکان ناوی هاتووە، تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی ئەمریکا لەبارەی ئەو جوڵانەوە نەخراوەتەڕوو.