داهێنانى چوار خوێندکارە
لەمەودوا جوتیاران لە ئەپڵیکەیشنێکەوە تەماتە و خەیار دەفرۆشن
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
ساڵانە و لە وەرزی پێگەیشتنی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، دیمەنی فڕێدانی تەماتە و خەیار لەسەر شەقامەکان دەبینین، ئەوەش بەهۆی هەرزانیی نرخ و ساغنەبوونەوەی بەرهەمی رەنجی ساڵێکی جوتیاران. بەڵام ئێستا، داهێنانێکی نوێی تەکنەلۆژی دەیەوێت کۆتایی بەم نەهامەتییە بهێنێت و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی بکات.
چوار خوێندکاری زانکۆ لە هەولێر بە دروستکردنی ئەپڵیکەیشنێک بە ناوی “ئەگری بازار – Agri Bazar” هەنگاوێکی گەورەیان بۆ ناو ئەم بوارە ناوە.
سەرمەند فەرهادی، خاوەنی بیرۆکەکە بە 964ـی راگەیاند: “ئەم داهێنانە پڕۆژەی دەرچوونمان بوو لە زانکۆ، ئامانجمان ئەوەیە لە رێگەی ئەم ئەپەوە جوتیار بتوانێت بەپێی خواستی هاوڵاتیان و بازاڕ بەرهەمەکەی بهێنێت و راستەوخۆ ساغی بکاتەوە.”
وەک ئەوەى سەرمەند باسى دەکات، لە ساڵانی رابردوودا دەمانبینی جوتیاران لە داخی نەفرۆشتنی بەرهەمەکانیان، تەماتەیان فڕێدەدایە سەر شەقامەکان، ئەم ئەپە چارەسەری ئەو کێشەیە دەکات، بەڵام بۆ سەرخستنی پڕۆژەکەیان پێویستیان بە پاڵپشتیی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدارە.
ئەپڵیکەیشنەکە تەنیا کێشەی جوتیاران چارەسەر ناکات، بەڵکو سیستەمی کڕین و فرۆشتنی سەوزە و میوەش ئاسان دەکات و کۆتایی بە شەونخونیی کڕیاران دەهێنێت، وەک ئەوەى ئەو چوار خوێندکارە لێکۆڵینەوەیان کردووە، پێشتر دەبوایە خاوەن مارکێتەکان و دووکان و چێشتخانەکان کاتژمێر 3ـی بەرەبەیان بچنە عەلوە بەڵام ئێستا لە کۆڵ ئەو هاتووچۆیە دەبنەوە. لەرێگەی ئەو ئەپەوە تەنانەت هاوڵاتی لە ناو ماڵەکەی خۆیەوە دەتوانێت داوای سندوقێک خەیار یان تەماتە بکات و بۆی دەچێتە بەر دەرگا.
بیرۆکەی ئەم ئەپڵیکەیشنە، یەکێک بوو لەو پڕۆژە سەرنجڕاکێشانەی کە لە پێشانگای تەکنەلۆژیای (هایتێکس – HITEX) لە هەولێر نمایش کرا. ئەمڕۆ کۆتا رۆژی پێشانگاکە بوو کە بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام بوو، تێیدا بەرهەمی 150 کۆمپانیا و 30 بزنسی ناوخۆیی خرانە روو.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح