"پەنجەرەیەکە بۆ گەشەپێدانی کشتوکاڵ و گەشتیاری"

فێستیڤاڵی بەرواری باڵا هیوای راکێشانی تا 500 هەزار سەردانیکار دەکات

ئەحمەد مستەفا

چوارەمین خولی فێستیڤاڵی بەرواری باڵا لە پارێزگای دهۆک، وەک پلاتفۆرمێک بۆ ناساندنی بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆماڵییەکانی ناوچەکە، لەگەڵ سێوی بەرواری وەک یەکێک لە دیارترین بەرهەمەکانی دەستیپێکرد.

وتەبێژی فێستیڤاڵەکە، فەهمی باڵایی لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند، چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە تاوەکو 10 ی تشرینی یەکەم بەردەوام دەبن و بەشدارییەکی فراوانیان تێدا دەکرێت بۆ نمایشکردنی بەرهەمە کشتوکاڵی و خۆماڵییەکان.

باڵایی ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی سەرەکیی فێستیڤاڵەکە پشتگیریکردنی جووتیاران، ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و بەهێزکردنی بزووتنەوەی گەشتیاری و بازرگانییە لە ناوچەکەدا.

بەپێی وتەکانی ئەو، زیاتر لە 250 خێوەت بۆ بەشداربووان تەرخان کراوە، کە لەوانەدا دیارترین بەرهەمە خۆماڵییەکانی ناوچەی بەرواری باڵا نمایش دەکرێن، لەگەڵ خواردنی فۆلکلۆری کوردی، کارە دەستییەکان و چالاکییە کەلتووری و فۆلکلۆرییەکان.

لە بەشێکی تری فێستیڤاڵەکەشدا، پێشانگایەکی تایبەتی وێنەی فۆتۆگرافی بە بەشداری پێنج هونەرمەند بەڕێوە دەچێت کە تیشک دەخاتە سەر سروشت و تایبەتمەندییەکانی ناوچەکە.

لە ڕووی جوگرافییەوە، ناوچەکە پێگەیەکی سنووریی گرنگی لە نێوان عێراق و تورکیا هەیە و نزیکە لە دەروازەی سنووریی سەرزێری. باڵایی هیوا دەخوازێت ئەم پێگەیە لە داهاتوودا ببێتە هۆکارێک بۆ چالاکترکردنی بزووتنەوەی بازرگانی لەنێوان هەردوو وڵاتدا.

پێشبینی کرد کە فێستیڤاڵەکە بتوانێت لە نێوان 300 هەزار تا 500 هەزار سەردانیکار رابکێشێت و جەختی کردەوە کە بەڕێوەبردنی ئەم جۆرە چالاکییانە دەکرێت بە ناساندنی ناوچەکە، بەرهەم و کەلتوورەکەی، و هەروەها راکێشانی وەبەرهێنان و بوژاندنەوەی گەشتیاری و بازرگانی یارمەتیدەر بێت.