"سەربازەکان خۆیان حەشارداوە"

لە بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە بەریتانیا جموجوڵی نائاسایی درۆن هەبووە

964+

بڵند عەلی – بەریتانیا

لە ئاسمانی بنکەیەکی سەربازی ئەمریکا لە بەریتانیا جموجوڵێکی نایاسایی و رێگەپێنەدراوی درۆن هەبووە و ئاگادارکردنەوە بۆ سەربازەکانی بنکەکە نێردراوە کە دەستبەجێ بچنە پەناگەکان بۆ خۆحەشاردان.

دوێنێ هەیینی 13.11.2026 لە بنکەی ئاسمانی لەیکنهارت لە ناوچەی سەفۆک لە بەریتانیا زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدراوە و بەپەلە پەیام بۆ سەربازەکان نێردراوە “بچنە نزیکترین پەناگە بۆ خۆحەشاردان.”

وتەبێژێکی سوپای ئەمریکا لەبارەی رووداوەکەوەرایگەیاند، “هیچ مەترسییەک نییە و رووداوەکە کۆنتڕۆڵکراوە، تەنیا جموجوڵێکی گومانی رێگەپێنەدراوی درۆن بووە.”

هاوکات وەزارەتی بەرگریی بەریتانیاش هاتە سەر خەت و وتی: هەمووشتیک سەلامەتە و هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لە رووداوەکەدا نەبووە

سوپای ئەمریکا و بەریتانیا هیچ زانیارییەکی دیکەیان لەسەر رووداوەکە بڵاونەکردووەتەوە کە ئایا تەنیا یەک د رۆن یان چەند درۆنێک بوون، یان چ لایەنێک درۆنەکەی کۆنتڕۆڵکردووە و لەکوێوە ئاراستەکراوە.

پێداچوونەوە: کاکەلاو عەبدوڵا