قایمقامی سلێمانی بۆ دوکانداران:

“نرخی کاڵا و کەلوپەل بەرزبکەنەوە بە توندترین شێوە سزا دەدرێن”

شۆڕش قادری

قایمقامی سلێمانی داوا لە دوکاندار و کاسبکاران دەکات، نرخی کاڵا و کەلوپەلەکانیان بەرزنەکەنەوە، بەقسەیان نەکەن سزا دەدرێن.

فازڵ عومەر قایمقامیەتی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە وەکالەت لە راگەیەنراوێکدا جەخت لە بەردەوامی چاودێریکردنی بازاڕەکان دەکاتەوە و دەڵێت، رێگە بە هیچ بازرگان و کاسبکارێک نادەن بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ گرانکردنی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکانی هاوڵاتیان بقۆزێتەوە، لە رێگەی لیژنەکانیشیانەوە بەردەوام لە ناو بازاڕەکاندا بەدواداچوون دەکەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان.

ئاماژەی بەوەش کردووە کە بڕیارەکەی حکومەتی عێراق بۆ دیاریکردنی بەهای 100 دۆلار بە 152 هەزار دینار بڕیارێکی کتوپڕ بووە، بەڵام سەرجەم ئەو کاڵا و شتومەکانەی ئێستا لە بازاڕدا هەن بە نرخی پێش بڕیارەکە هاوردە کراون و نابێت نرخەکانیان بەرز بکرێنەوە.

فازڵ عومەر ئاشکراشی کردووە، رۆژانە لەڕێی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی بازرگانییەوە لیستی نوێی نرخەکانیان بەدەست دەگات و بەپێی ئەو لیستە چاودێریی بازاڕ دەکەن.

جەختیشی کردەوە لیژنەکان بەردەوام چاودێری بازاڕ دەکەن و هەر کاسبکار و بازرگانێک نرخەکان بەرز بکاتەوە رووبەڕووی رێکاری یاسایی و لێپێچینەوەی توند دەکرێتەوە.