ئاگرێكی گه‌وره‌ش كه‌وته‌وه‌

باوکێک و دوو منداڵی سووتان


سیروان خورشید – خورماتوو

لە نزیک دەروازەی باکووری قەزای خورماتوو لە سەر رێگای سەرەکیی کەرکوک – بەغدا لە کاتی گواستنەوە و بەتاڵکردنەوەی بەنزیندا ئاگر کەوتەوە و بەهۆیەوە باوکێک و دوو منداڵی سووتان و بریندار بوون.

هارون رەشید، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی گشتیی خورماتوو بە964ـی وت، “سێ برینداری رووداوەکە گەیندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە، کە باوکێک و دوو منداڵین، ئێستا چارەسەری سەرەتایی بۆ باوکەکە و یەکێک لە منداڵەکان ئەنجام دراوە و لەژێر چاودێریی پزیشکدان، بەڵام یەکێک لە منداڵەکان کە تەمەنی تەنیا شەش ساڵە و رێژەی سووتاوییەکەی %60 ده‌بێت، دەستبەجێ رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادیی کەرکوک کراوە.

وتیشی، رووداوەکە لە کاتێکدا بووە، باوک و دوو منداڵەکەی کە پیشەیان به‌نزینفرۆشییە و لەکاتی گواستنەوەی بەنزین بۆ ناو ئۆتۆمبێلەکەیان، بەهۆی پەرەسەندنی پریشكی ئاگرەوە، ئۆتۆمبێلەکە و سەرجەم جەلیكانە بەنزینەکان گڕیان گرت و سوتاوون، دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا