خێرخوازان فریای نەکەون چاوەکەی دیکەشی لەدەست دەدات
هاوڵاتییەک بە شێرپەنجە چاوێکی لەدەستداوە و روخساری شێواوە
میلاد جەلال – گەرمیان
هاوڵاتییەکی دانیشتووی کەلار چاوێکی بە شێرپەنجە لەدەستداوە، روخساری شێواوە و خەریکە چاوەکەی دیکەشی لەدەست دەدات.
غالب ئیبراهیم 15 ساڵ پێش ئێستا پەڵەیەکی بچووک لەژێر چاوی راستی دەرکەوتووە، دواتر بۆی دەرکەوتووە کە تووشی شێرپەنجە بووە، نەخۆشی نەخۆشخانەی هیوایە و جگە لەوەی عیلاجەکانی گرانن، دوکتۆرەکانی پێیان وتووە، دەبێت بچێتە ئێران و چارەی تەنیا لەوێ دەکرێت.
غالب ئیبراھیم بە 964ـی وت، “نەخۆشییەکە تەواوی روخساری گرتووم، لەساڵی 2017 نەشتەرگەری چاوم کرد لە وڵاتی ئێران و دەریانھێنا، ئێستاکە نەخۆشییەکە خەریکە چاوەکەی دیکەشم دەگرێت و خەمی ئەوەمە بەتەواوی بینایی لەدەست بدەم”.
“دوکتۆرەکەم لە نەخۆشخانەی ھیوا پێی وتم، سەردانی ئەو دکتۆرەی ئێران بکەمەوە، بۆ ئەوەی لەوێ لێزەری لێبدەن و نەخۆشیەکە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات”، غالب ئیبراھیم وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی 2011ـەوە ئەوەی هەیبووە بۆ چارەسەری و کڕینی دەرمانەکان خەرجی کردووە، ئیدی توانای چوونە ئێرانی نەماوە و چاوی لەدەستی خێرخوازانە بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن و لەدەست ئەو نەخۆشییە رزگاری بکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری