"دامودەزگا ئیسلامییەکان لاوازبوون"

یونس راوی بیروبۆچوونەکانی دەکاتە رۆمان و بەشێکیشی نووسیوە

ئەحمەد شەمزین – هەولێر

یونس راوی توێژەری بواری ئایینی چووەتە پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب و دەڵێت، “ئەمڕۆ جەژنی ئێمەیە”، ئاشکراشی دەکات کە بیروبۆچوونەکانی دەکاتە رۆمان و بەشێکیشی نووسیوە.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 21.10.2026، 18ـیەمین پێشانگای نێودەڵەتی کتێب لە هەولێری پایتەخت بە بەشداری 400 ناوەندی چاپ و بڵاوکراوە کرایەوە.

یونس راوی لەناو پێشانگاکە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “خوێندنەوە هەر دەمێنێ و بەرەوپێش دەچێ، رەنگە شۆڕشی تەکنەلۆژیا تۆزێک کەمی کردبێتەوە، بەڵام ئەمە پاڵنەرێک بووە کە نووسەرەکان واز لە درێژدادڕی بهێنن و بیرۆکەکانیان کەم بکەنەوە، چونکە خوێنەر و بینەری ئێستا تەواوی بیرۆکەکەی لە ماوەیەکی کەمدا دەوێ، لەگەڵ ئەوەشدا قەت پێگەی کتێب ناکەوێ”.

“کەمترین گەنج کتێبی خوڕافی و ئێڕهابی دەخوێنێتەوە و دامودەزگا ئیسلامییەکان لاواز بوون”، یونس راوی وادەڵێت.

ئەو بۆ 964 ئاشکرای کرد کە گەشتە فکرییەکەی خۆی دەکات بە رۆمانێک بەناوی “لە تاریکییەوە بۆ رووناکی”، بەشێکیشی نووسیوە و دەیهەوێ لە پێشانگای کتێبی ساڵی داهاتوو نمایشی بکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری