باران بارین _ پۆستەر 964
پلەکانى گەرما دادبەزن
سبەی شەپۆلێکی بارانبارین و رەشەبا هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، سبەی سێشەممە گۆڕانکاریی بەسەر کەشوهەوادا دێت و شەپۆلێکی بارانبارین و با ناوچە جیاوازەکان دەگرێتەوە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، بۆ ئەمڕۆ دووشەممە (5.10.2026)، ئاسمان لە نێوان نیمچەهەور و هەوری تەواودا دەبێت، لەگەڵ ئەگەری کەمێک تاوەباران لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم و بەشێک لە باشووری عێراق. پلەکانی گەرما جێگیر دەبن و نزیک دەبن لە تۆمارەکانی دوێنێ، هەروەها خێرایی با لەسەرخۆ دەبێت و لە نێوان (5 بۆ 15) کیلۆمەتر دەبێت لە کاتژمێرێکدا.
سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی سێشەممە (6.10.2026)، کەشناسی هۆشداری دەدات کە کەشوهەوا ناجێگیر دەبێت، ئاسمان بەتەواوی دەگۆڕێت بۆ هەوراوی و نمەبارانی پچڕپچڕ و مامناوەند دەستپێدەکات، کە لە هەندێک کاتدا هەورەبرووسکەشی لەگەڵدا دەبێت.
بەپێی راگەیەندراوەکە، شەپۆلی بارانبارینەکە سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆکەوە دەستپێدەکات، دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ ناوچەکانی سنووری پارێزگای هەولێر، و لە کاتەکانی ئێوارەشدا کاریگەرییەکەی بەرەو سنووری پارێزگای سلێمانی دەچێت.
خاڵێکی گرنگی پێشبینییەکانی سبەی، زیادبوونی خێرایی بایە، پێشبینی دەکرێت لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆ تا ئێوارە، ئەگەری دروستبوونی رەشەبا هەبێت کە خێراییەکەی بگاتە سەرووی 50 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا. هاوکات پلەکانی گەرماش بەراورد بە ئەمڕۆ (1 بۆ 2) پلە نزم دەبنەوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بۆ ئەمڕۆ و سبەی بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبن:
هەولێر: ئەمڕۆ 31، سبەی 28
سلێمانی: ئەمڕۆ 27، سبەی 25
دهۆک: ئەمڕۆ 29، سبەی 28
هەڵەبجە: ئەمڕۆ 31، سبەی 32
کەرکوک / گەرمیان: ئەمڕۆ 34، سبەی 34
زاخۆ: ئەمڕۆ 30، سبەی 28
سۆران: ئەمڕۆ 28 (بۆ سبەی ئاماژەی پێ نەدراوە)
چەمچەماڵ: ئەمڕۆ 32، سبەی 28
ئاکرێ: ئەمڕۆ 29، سبەی 26
پیرمام: ئەمڕۆ 27، سبەی 26
حاجی ئۆمەران: ئەمڕۆ 21، سبەی 19