دیمەنی چەکدارێکی حوسی - وێنە: ئاژانسەکانی هەواڵ
سعودیەش بەشدارە
1122 ئۆپەراسیۆنی سەربازی دژ بە حوسییەکان؛ شەڕ لە یەمەن توندتر دەبێت
ئەحمەد مستەفا
بارودۆخی سەربازی لە یەمەن بە خێرایی ئاڵۆزتر دەبێت، لەگەڵ بەردەوامبوونی پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی حکومەتی یەمەن و گرووپی ئەنساروڵا، ناسراو بە حوسییەکان.
بە قسەی بانگەشەکانی حکومەتی یەمەن بێت، دەستیان بە 1122 ئۆپەراسیۆنی سەربازی کردووە کە ئامانجیان پێگەکانی حوسییەکان بووە.
لە چەندین بەرەی جەنگ. هێزە حکومییەکان دەستیان بە هێرش کردووە، ئۆپراسیۆنەکانان ناو ناوە “جەنگی ئازادکردن و گەڕاندنەوەی دامەزراوەکان”، و دەڵێن ئامانجیان گەشەپێدانی دەسەڵاتی حکومەتە بەسەر هەموو وڵات.
لە لایەکی ترەوە، هاوپەیمانی پشتگیری حکومەتی یەمەن بەردەوامی پشتگیریی ئۆپەراسیۆنی خۆی راگەیاندووە و هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە بە هۆکارێک بۆ بەردەوامبوونی هەنگاوە سەربازییەکان داناوە.
حوسییەکانیش رایانگەیاندووە کە بە مووشەکی بالیستیک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر دامەزراوەکانی ئارامکۆ لە ڕیاز و خورەیس، لە هەمان کاتدا، ئاژانسی بازرگانی دەریایی بەریتانیا رایگەیاندووە کە تانکەرێکی نەوت تەقینەوەتەوە لە دەریا سوور، نیگەرانییەکانی لەسەر ئاسایشی کەشتیوانی لە دەریای سوور زیاتر کردووە.