باخى گوێز لە هەورامان

ئەمەل بووە بە شەنیار و گوێز دەتەکێنێ

ئەمەل ناجى- هەورامان

کۆتایى مانگى نۆ و سەرەتاى مانگى 10 لە هەورامان ، وەرزی تەکاندنی گوێزە، ئەو کاتەی باخەوانەکان دوای ساڵێک لە چاوەڕوانی و خزمەت، قۆڵ لێ هەڵدەماڵن بۆ ڕنینەوەی رەنجەکەیان.

ئەمەل ناجی، پەیامنێری 964، بۆ گواستنەوەی ئەم دیمەنە سەرنجڕاکێشانە، چووەتە یەکێک لە باخەکانی گوندی (دەگاشێخان) لە هەورامان. لەوێ تەنیا پەیامنێر نییە، بەڵکو خۆیشی (شەن)ێکی بەدەستەوە گرتووە و بۆ ساتیك بووەتە “شەنیار”.
لە فەرهەنگی باخەوانانی هەوراماندا، “شەنیار” ئەو کەسە ئازا و چەلەنگەیە کە دەچێتە سەر لقە بەرزەکانی دار گوێزەکان و بە دارێکی درێژ کە پێی دەوترێت (شەن)، لقی دارەکان دەتەکێنێت. کاتێک شەنیار کارەکەی دەکات و گوێزەکان وەک باران دەکەونە سەر زەوی، لە خوارەوە ئەندامانی تری خێزانەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەیان دەبن و دەیانکەنە سەتڵ و گوێنییەوە.
باسکردنی پرۆسەی تەکاندن و کۆکردنەوەی گوێز لە دوورەوە تەنیا چێژبەخشە، بەڵام لە واقیعیدا کارێکی زەحمەت و تاقەتپڕووکێنە، بەتایبەت کاتێک دەگاتە قۆناغی لێکردنەوەی توێکڵە سەوزەکەی.

ئەو توێکڵە سەوزە بەشی خۆی دەردەسەری هەیە، ئەگەر گوێزەکە بە تەواوی پێنەگەیشتبێت و توێکڵەکەی بەرنەدابێت، لێکردنەوەی ئاسان نییە. لەوەش گرنگتر، دەبێت ئەم کارە بە دەستکێشەوە بکرێت، چونکە ئاوی توێکڵە سەوزەکە نەک تەنیا دەستی باخەوانەکە رەش دەکات کە بە ئاسانی لێ نابێتەوە، بەڵکو پێستیش دەسووتێنێت.

دوای بڕینی هەموو ئەم قۆناغە سەختانە و لێکردنەوەی توێکڵەکان، گوێزەکان بۆ چەند رۆژێک لەبەر هەتاوی پایز هەڵدەخرێن تا بە تەواوی وشک دەبنەوە. ئیدی لێرەوە، گوێزە بەتامەکەی هەورامان بۆ بازاڕەکان ئامادە دەبێت و دەگاتە سەر سفرەی هاوڵاتیان.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح