پێنجوێن بە 30 هەزار نەمام سەوزتر دەکرێت
شەقام و ماڵەکانیش دەگرێتەوە
پێنجوێن بە 30 هەزار نەمام سەوزتر دەکرێت
ئەحمەد مستەفا
هەڵمەتی پاییزەی نەمام چاندن لە قەزای پێنجوێن، لە چوارچێوەی پڕۆگرامی پێنجوێن شاری فێربوون دەستی پێ کرد، بە ئامانجی زیادکردنی سەوزایی و جوانکردنی دیمەنی ناوچەکە.
لە کۆبوونەوەیەکی تایبەت کە بە سەرپەرشتی قایمقامی پێنجوێن و بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی گەرمک، فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و لایەنە ژینگەییەکان بەڕێوەچوو، نەخشەڕێگای چاندنی 30 هەزار نەمام دیاریکرا.
بڕیارە نەمامەکان لە سەنتەری پێنجوێن، ناحیەکانی ناڵپارێز و گەرمک، قەراغ شەقامە سەرەکییەکان، پاوان و دارستانەکان بچێنرێن، بەشێک لە نەمامەکانیش بە هاووڵاتیان دەدرێن بۆ بەشداری لە سەوزکردنی دەوروبەری ماڵ و گەڕەکەکانیان.
شەتڵگەکانی سەرچنار لە سلێمانی دابینکردنی سەرجەم نەمامەکانی ئەم پڕۆژەیەی لە ئەستۆ گرتووە و گرووپی نەمام لە گروپێکی دیاری قەزاکە لە بواری ژینگە بەشدارێکی سەرەکی کارەکەیە.